لقی نوێی کۆمپانیای زەین بۆ پەیوەندیکردن لە هەولێر کرایەوە
رووداو - هەولێر
لقی نوێی کۆمپانیای زەین بۆ پەیوەندیکردن لە هەولێر کرایەوە. لقە نوێیەکەی کۆمپانیاکە بە نوێترین تەکنەلۆژیا و پێداویستییەکان ئامادە کراوە و کۆمپانیا مەبەستیەتی بەرهەمهێنان و کارایی زیاتر بکات، کە رەنگدانەوەی لەسەر کوالێتیی ئەو خزمەتگوزارییانە هەبێت کە پێشکێشی بەشداربووان دەکرێت.
لقە نوێیەکەی زەین کەوتووەتە شەقامی رۆناکی لە سەنتەری شاری هەولێر. دڵدار مزەفەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای زەین لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە ناوچەی رۆناکی لقێکی جیاوازمان کردەوە، ئەو لقەش بە شێوازێکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو کراوە، لقی لاوەکیمان لە سلێمانی و دهۆک هەیە، لقی سەرەکیش لە هەولێرە."
کۆمپانیاکە لە عێراق 18 ملیۆن بەشداربووی هەیە، کە ملیۆنێک و 350 هەزاری لە هەرێمی کوردستانن. بەراورد بە ساڵی رابردوو زەین 10%ی بەشداربووانی لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە.
لە لقە نوێیەکەی زەین لە هەولێر، هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەک پێشکێش دەکرێت، لەوانە: فرۆشتن و گۆڕینی سیمکارت، کارتەکانی پڕکردنەوەی باڵانس، خزمەتگوزاریی پارەدانی فاتورە، کاش، زەین سمارت و چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک کە بەشداربووان دەیگەیەنن.
ئاڤان فەرەیدوون، بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتنی زەین لە هەولێر دەڵێت، "لێرە چەندان خزمەتگوزاری پێشکێش دەکرێت و وەڵامی بەشداربووان دەدرێتەوە، هەر کێشەیەکیان هەبێت بۆیان چارەسەر دەکرێت، لقەکە لە رۆژانی شەممە تاوەکو پێنجشەممە لە کاژێر 08:00ی بەیانی بۆ 08:00ی ئێوارە کراوەیە."
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی لقە نوێیەکەی زەین لە هەولێر کارکردنی نیڤشکانە، بە جۆریک کە 10%ی کارمەندەکانیان نیڤشکانن.
جەنگاوەر موشیر، کارمەندی کۆمپانیای زەین دەڵێت، "نزیکەی دوو ساڵە لەگەڵیان بەردەوامم، سوپاس بۆ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا کە منیان لە باوەش گرت و ئەو متمانەیان پێبەخشین، کە من بتوانم توانای خۆم لێرە پێشکێش بکەم، تەنیا من نیم، پێنج کارمەندی دیکەی وەکو من لێرە کار دەکەن."
کۆمپانیای زەین لە ساڵی 2008ـەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکات، زەین لە هەشت وڵاتی دیکەی ناوچەکەش خزمەتگوزارییەکانی پێشکێش دەکات، لەوانە: کوێت، سعودیە، ئوردن، بەحرێن، عومان، لوبنان و سوودان.