دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دواخرا


رووداو دیجیتاڵ 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد، بەڵام دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دواخرا بۆ رۆژی سێشەممە، 19-9-2023. 
 
کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، هەندێک لایەن لە بەرامبەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، داوای بە پارێزگابوونی تەلەعفەر دەکەن. گوتیشی، بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارە کوردەکان بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کردووە. 

کاروان یاروەیس بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دانیشتنی پەرلەمان دەستیپێکرد و رێژەی یاسایی تەواو بوو، 181 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بوون، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان واژۆیان کۆکردووەتەوە و داوای دواخستنی بڕگەی دەنگدانیان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کردووە بۆیە ئەو بڕگەیە لابرا و دانیشتنەکە بەردەوامە."

بە گوتەی کاروان یاروەیس "هەندێک لایەنی سیاسی عێراقی لە بەرامبەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە داوای بەپارێزگابوونی تەلەعفەریان کردووە. پەرلەمانتارانی کوردستانی وەک هەڵوێستی کەسی لە دانیشتنەکە هاتوونەتە دەرەوە و ئێستا شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارانی کورد لە کۆبونەوەدایە بۆ گەڵاڵەی هەڵوێستی هاوبەشی کوردستانی."

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێشبینی ناکەن سبەینێش دانیشتنی پەرلەمان لەبارەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بکرێت، چونکە بەشێک لەلایەنە عێراقییەکان دژی ئەو پرسەن و داوایان کردووە بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت. دەشڵێت، "ئەگەر سبەی دەنگدان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەکرێت کورد بایکۆت دەکات."

بەپارێزگابوونی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت. 
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ. 
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.