ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان: جێبەجێکردنی 11 پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو لە پلانماندایە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 11 پڕۆژەی ستراتیژیی ئاویان لە پلاندایە کە بودجە بەردەست بوو دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە 17-09-2023 ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "11 پڕۆژەی ستراتیژیی ئاومان لە پلاندایە بۆئەوەی لە داهاتوو کاریان لەسەر بکەین. بودجەی پێویستمان دەستبکەوێت دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە دەکەین."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، 50%ی بەرهەمهێنانی ئاو لەڕێگەی بیرەکانەوەیە و 50%ی دیکە لە رێگەی پڕۆژەکانی سەر زەوییە و "لە پلانماندایە ئەو 11 پڕۆژەیە 25%ی بەرهەمهێنانی ئاو لە رێگەی بیرەکان کەمبکاتەوە."
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5000 بیر هەن. ئاری ئەحمەد دەڵێت، "یەکێک لە سوودەکانی ئەو 11 پڕۆژەیە ئەوەیە کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی."
 
لەبارەی بودجەی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەو 11 پڕۆژەی ئاوە دابەشبوونەتە سەر هەموو هەرێمی کوردستان و کە بڕیار بوو دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە بکەین ئەوکات دەتوانین لە کاتی خۆی خەمڵاندن بۆ پڕۆژەکە بکەین، چونکە بەپێی کات تێچووی ئەو پڕۆژانە دەگۆڕدرێت."