لە رووها دوو مێرمنداڵ لە کەناڵێکی ئاودا خنکان
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی کانیا خەزالان سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان دوو مێرمنداڵ لە کەناڵێکی ئاوێریدا خنکان.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 17ی ئابی 2022 هەریەک لە (ئا.ئا) تەمەن 16 ساڵ و (س. ئا) تەمەن 15 ساڵ، بەمەبەستی خۆفێنککردنەوە لە نزیک گەڕەکی ئاکسارنچ چوونە نێو کەناڵی ئاودێری و دوای ماوەیەک دیار نەمان.
خەڵکی دەوروبەر لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردەوە و چەند تیمێکی پۆلیس و تەندروستی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
شەوی رابردوو دوای گەڕانی تیمەکانی ژێر ئاو، لەنێو کەناڵەکەدا تەرمی دوو مێردمنداڵەکە دۆزرایەوە. تەرمەکان گواسترانەوە بۆ بەشی هەڵگرتنی مردوو لە نەخۆشخانەی دەوڵەت لە کانیا خەزالان.
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان بەمەبەستی خۆفێنککردنەوە دەچنە نێو ئاوی رووبار و چەم و کەناڵەکان.
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لە باکووری کوردستان زیاتر لە 20 کەس لە نێو ئاوی رووبار و چەم و کەناڵەکاندا خنکاون، جگە لە پارێزگای مێردین کە لەو وادەیەدا کەس نەخنکاوە.
رۆژی 9ی ئابی 2022 محەممەد تورگوت تایئوزاک، راهێنەری خۆبەخشی ئافاد و بەرپرسی تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن لە پارێزگای ئامەد رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا لە ئامەد، سێرت، شرناخ، چەولیگ، ئێلیهـ و شارۆچکەکاندا تەرمی 20 کەسی خنکاویان هێناوەتە دەرەوە.
بەرپرسە کارگێڕییەکان، داوا لە خەڵک دەکەن لە نێو رووبارەکان و ئەو شوێنانەدا مەلە نەکەن کە قەدەخەن و سوود لەو شوێنانە وەربگرن، کە لەلایەن شارەوانییەکانەوە بۆ مەلەکردن تەرخانکراون.