لە چوار زانکۆی باکووری کوردستان کورسییەکانی زمان و ئەدەبی کوردی پڕبوون


رووداو-هەولێر

ژمارەی کورسییەکانی بەشی "زمان و ئەدەب و کولتووری کوردی" لە هەریەک لە زانکۆکانی ئارتوکڵوی پارێزگای مێردین، ئاڵپئارسڵانی پارێزگای مووش، مونزوری پارێزگای دێرسیم و بینگۆڵی چەولیگ پڕبوون.
 
دکتۆر ئەحمەد کرکان، سەرۆکی بەشی زمان و کولتووری کوردی و بەڕێوەبەری پەیمانگەی زمانە زیندووەکانی زانکۆی ئارتوکڵو ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-8-2022 رایگەیاند: "خوێندکاران بە ویستی خۆیان بەشی زمان و کولتووری کوردی هەڵدەبژێرن. ئەوان دەیانەوێت فێری زمانی دایک و کولتووری خۆیان ببن، هەربۆیە ئەم بەشە داواکاری لەسەر زۆرە".
 
بەپێی دابەشکارییەکە، 30 کورسی لە زانکۆی ئارتوکڵو، 30 کورسی لە زانکۆی ئاڵپئارسڵان، 39 کورسی لە زانکۆی بینگۆڵ لە چەولیک، 25 کورسی لە زانکۆی مونزور بۆ بەشی زمان و ئەدەب و کولتووری کوردی تەرخانکراون.
 
ئێستا تەواوی کورسییە تەرخانکراوەکانی ئەو چوار زانکۆیە بۆ بەشە ئاماژەپێکراوەکە پڕبوون.
 
بەهۆی زیادبوونی داواکاری بۆ خوێندن لەو بەشە، پلان هەیە ساڵی داهاتوو داواکاری پێشکێش بە دامەزراوەی خوێندنی باڵای تورکیا بکرێت بە مەبەستی زیادکردنی کورسییەکان.
 
دکتۆر ئەحمەد کرکان گوتی: "بەهۆی زۆری داواکاری لەسەر بەشەکەمان، ئەمساڵ وەرگرتن لە بەشی کوردی نمرەیەکی زیاتری دەویست لە بەشەکانی دیکەی وەکو زمانی تورکی و زمانی سریانی. لە کاتی کردنەوەی پەیمانگەکەوە خزمەتێکی باش بە زمانی کوردی کراوە؛ هەروەها زمانەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو لەنێو گەنجاندا بەکاردەهێندرێت".
 
هاوکات دکتۆر ئیبراهیم داغڵما، سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی زازاکی لە زانکۆی بینگۆل گوتی: "زۆر خۆشحاڵین بەوەی کە ئەمساڵ ژمارەی کورسییە تەرخانکراوەکان بەتەواوی پڕبوونەوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو توانیمان تەنیا شەش خوێندکار وەربگرین".
 
داواکاری بۆ بەشی زمانی کوردی یەکجار زۆرە، بەڵام ئەوەی بووەتە نیگەرانی، سستیی حکومەتە لە دامەزراندنی مامۆستای زمانی کوردی. 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان 1.148.000 مامۆستا هەن و تەنیا 79یان مامۆستای زمانی کوردین.
 
ساڵی 2018 سێ مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندران؛ ساڵی 2019 مامۆستای زمانی کوردی دانەمەزرێندرا؛ ساڵی 2020 یەک مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندرا و ساڵی 2021یش سێ مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێندران.