پارێزەری حوکمدراوانی بادینان: وەڵاممان نەدرێتەوە سکاڵا دژی چاکسازیی گەورانی هەولێر تۆمار دەکەین
رووداو-هەولێر
پارێزەرێکی حوکمدراوانی بادینان دەڵێت، تاوەکو هەفتەی داهاتوو چاکسازیی گەورانی هەولێر رێکارە کارگێڕییەکانی گیراوانی بادینان تەواو نەکات، "سکاڵای یاسایی دژی تۆمار دەکەین." گوتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت: "بابەتەکە سیاسی نییە و تەنیا بەهۆی هەندێک رێکاری کارگێڕییەوە دۆسیەکان دواکەوتوون."
بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگە کەیسی گیراوانی بادینان یەکلابکاتەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەکردنی راپۆرتی لێکۆڵینەوە لە لایەن چاکسازیی گەورانی هەولێرەوە دۆسیەکەیان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا کە بڕیاربوو بە ئازادکردنی بەمەرج ئازادبکرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-8-2022، بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشی کارگێڕیی چاکسازیی گەورانی هەولێر رێکارە کارگێڕییەکانی دۆسیەی گیراوانی بادینانی تەواو نەکرد و کارەکان زۆر بە سیستی بەڕێوەدەچن؛ بۆیە ئەگەر هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر دۆسیەکانیان تەواو نەکات، ئێمەش وەک تیمی پارێزەران سکاڵای یاسایی دژی تۆمار دەکەین، چونکە پاڵپشت بە ماددەی 329 لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر کەسێک یان فەرمانگەیەکی حکومی بڕیاری دادگە جێبەجێ نەکات واتا تاوانێکی کردووە. لە دادگە نووسراوی بۆیان ناردووە و وەڵامیان نەداوەتەوە."
بەشدار حەسەن گوتیشی: "بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر هیچ وەڵامێکی روون بە تیمی پارێزەرانیش نادات کە بۆچی کارەکانیان تەواو ناکات؛ تەنیا دەڵێت هەفتەی داهاتوو وەرنەوە، لە کاتێکدا حوکمدراوانی شیلادزێ و بەشێک لەوانەی بادینانیش ماوەیەکی زۆرە مانیان لە خواردن گرتووە و بەردەوامیشن لە مانگرتن."
ئازادکردنی بەمەرج یەکێکە لەو رێوشوێنانەی لە یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا کاری پێدەکرێت کە بریتییە لەوەی بۆ هەر ساڵێک دەتوانرێت سێ مانگ لە ماوەی سزادانی تاوانبار کەمبکرێتەوە، ئەگەر لە زینداندا مامەڵەی خراپیان نەنواندبێت.
دوای حوکمدانی پێنج کەس لە شارۆچکەی شیلادزێ لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بە دوو ساڵ زیندانیکردن، ئەو کەسانە ساڵێک و شەش مانگیان لە زیندانی ئاسایش بەسەربردبوو و، دەتوانرێت ئەو شەش مانگەی دیکەیان بە ئازادکردنی بەمەرج بۆ هەژمار بکرێت و ئازاد بکرێن.
هەر ئەمڕۆ ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رووداوی راگەیاند: "هەفتەی رابردوو تیمی پارێزەرانی بادینان سەردانی وەزیریان کرد و ئەویش بە ئامادەبوونی خۆیان پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆ و دادەوە کرد بۆ ئەوەی کارەکان بە خێرایی تەواو ببن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە دواخستنی کارەکانیان پەیوەندی بە بابەتی سیاسییەوە نییە، بەڵکو بەهۆی هەندێک کاری کارگێڕییەوەیە. دوای تەواوبوونی سەرجەم رێکارەکان، دۆسیەکانیان یەکلادەبێتەوە."
رۆژی چوارشەممە 17-08-2022 داواکاری گشتی و دادوەری دادگەی کەتنی دەشتی ھەولێر لەبارەی دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان کۆبووەوە.
هەر دوێنێ بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان بە رووداوی گوت: "داواکاری گشتی پێی راگەیاندین پێنجشەممە راپۆرتەکانمان بەدەست بگات، دۆسیەکانیان بە ئەرێنی یەکلادەبێتەوە."
بۆ ئەوەی دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان یەکلاببێتەوە، پێویستە چاکسازیی گەورانی هەولێر راپۆرتی لێکۆڵینەوەی حوکمدراوان و پەنجەمۆرەکانیان ئامادە بکات. دوای ئەوەی داواکاریی گشتی لەبارەی ئازادکردنی بەمەرجی پێنج لە حوکمدراوانی شیلادزێ بۆچوونی خۆی دەدات، دادوەری دادگەی تاوانەکانی دەشتی هەولێر بڕیار لەبارەی ئازادکردنیان دەدات.
رۆژی 16-05-2022 دادگەی 2ی تاوانەكانی هەولێر، پێنج لە گیراوانی شیلادزێی پارێزگای دهۆکی دادگایی کرد کە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 دەستگیرکرابوون. دادگە بە پشتبەستن بە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" حوکمی دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەو گیراوانە دەرکرد.
هەروەها 16-2-2021 دادگەی هەولێر بڕیاریدا شێروان شێروانی و چوار دەستگیرکراوی بادینان، بەپێی ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە (21) بە شەش ساڵ زیندانیکردن حوکم بدرێن.
بەشدار حەسەن لەبارەی دۆسیەی ئەو کەسانەی پێویست بوو رۆژی 17-8-2022 ئازادکردنی مەرجدار بیانگرێتەوە و ئازاد بکرێن، گوتی: "پێنجیان خەڵکی شیلادزێن و پێنجی دیکە ئەوانەن کە بە هەمان ماددە دەستگیرکراون و ئەگەر کارەکانی ئەو 10 کەسە تەواو ببێت، هەفتەی داهاتوو کار لەسەر دۆسیەی شێروان شێروانی و برادەرەکانیشی دەکرێت."
حوکمدراوانی شیلادزێ ئەمانەن:
یوسف شەریف ئیبراهیم، لەدایکبووی 2001
مەحموود ناجی سدیق، لەدایکبووی 1996
کۆڤان تارق جبرائیل، لەدایکبووی 1996
ئەمجەد یوسف مستەفا، لەدایکبووی 1989
نێچیرڤان بەدیع حاجی، لەدایکبووی 1993
لە ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003دا هاتووە: "هەر کەسێک بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەک لە کارێکدا تێوەبگلێت بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی تاهەتایی یان کاتی سزا دەدرێت."