دەم پارتی لە دادگەی کارگێڕیی وان تانەی لە قەیوومی جۆلەمێرگ دا
رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، بۆ راگرتنی بڕیاری دانانی قەیووم بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگ، لە دادگەی کارگێڕیی شاری وان داوای کرد بڕیارەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەم پارتی، بەڵگەنامەی داواکارییەکە لەلایەن پارێزەر و دەستەی یاسا و مافی مرۆڤی پارتەکەیانەوە ئامادەکراوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی تەمموز، خراوەتە بەردەم دادگە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیاری دانانی قەیووم لەگەڵ دەستووری تورکیا ناگونجێت و پێویستە بڕیارەکە بکشێنرێتەوە.
لە هەڵبژادنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری ئەمساڵدا، محەممەد سدیق ئاکش، بەربژێری دەم پارتی 48.92٪ـی دەنگەکانی بردەوە و بوو بە سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ.
رۆژی دووشەممە، 3ی حوزەیران بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، محەممەد سدیق ئاکش لە کار لادرا و عەلی چەلیک، پارێزگاری جۆلەمێرگ بە قەیووم لە شوێنی دانرا.
رۆژی چوارشەممە، 5ی حوزەیران پرۆسەی دادگاییکردنی ئاکش بەڕێوەچوو و لە چوارچێوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزادرا.