دەروازەیەکی دیکە لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران رایگەیاند، ئێرانییەکان دەیانەوێت پەیوەندییە بارزگانییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتربکەن، بۆیە بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو شاندێک لە ئێرانەوە سەردانی دەروازەی حاجی ئۆمەران بکات و لەگەڵ پارێزگای هەولێر کۆببنەوە و تاوتوێی کردنەوەی دەروازەی سیدەکان بکەن. 
 
رۆژی سێشەممە، 18-07-2023 عەبدوڵلا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوایین سەردانی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران کە لەگەڵ پارێزگارەکانی سەر سنووری ئێران و بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی ئێران کۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی بازرگانی نێوان هەردوولا کرا، ئێرانییەکان دەڵێن بڕیارمان هەیە لەلایەن سەرۆکی کۆماری ئێران کە هەرچی زووە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن."
 
بە گوتەی عەبدوڵلا ئاکرەیی، "یەکێک لەو بڕیارانەی لە دوایین کۆبوونەوە لە نێوان پارێزگاری هەولێر و ورمێ درا ئەوەبوو کە شاندێکی ئێران دوای ماوەیەک سەردانی دەوازەی حاجی ئۆمەران بکەن دەربارەی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە پارێزگاری هەولێر و ورمێ هەیە گفتوگۆ بکەن یەکێک لەو بابەتانەش کردنەوەی سنووری سیدەکان بوو، بۆیە رۆژی دووشەممە 24ـی ئەم مانگە پارێزگاری ورمێ، هەندێک بەرپرسی دیکە لە بەشە جیاجیاکان وەکو ژووری بازرگانی سەردانی حاجی ئۆمەران دەکەن و لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کۆدەبنەوە."
 
دەروازەی نافەرمیی سیدەکان دەکەوێتە ناحیەی سیدەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەوێتە شاری شنۆ لە پارێزگای ورمێ. 
 
بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی: "بڕیارە لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە بڕیاری کردنەوەی مەرزی سیدەکان بدرێت و بابەتی هەرە گرنگ کە لەو کۆبوونەوەیە قسەی لەسەر دەکرێت، هاتنی زیارەتکارانی ئێرانییە بۆ کەربەلا، رەنگە ئەمساڵ 500 هەزار زیارەتکار لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە بێنە عێراق."
 
بە گوتەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، "هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نییە بۆ کردنەوەی ئەو دەروازەیە و ماوەی دوو مانگە بۆ کردنەوەی ئەو دەروازەیە دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە و رێگەوبانەکان دروست دەکەین و ئەگەر ئێرانییەکان ئامادەبن دەیکەینەوە."
 
سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەن، ئەوانیش پەروێزخان لە سنووری گەرمیان، حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی. جگە لەوانە چەند دەروازیەکی نیمچەفەرمیش هەن.