بزووتنەوەی گۆڕان: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەگەڵ یەک لیستیداین

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، "لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، سەلاحەدین، دیالە و موسڵ لەگەڵ یەک لیستیدان." بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت، "بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە چۆن بێت، لەگەڵ ئەوەداین."
 
رۆژی پێنجشەممە 18-07-2023 شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی لە شاری سلێمانی کرد. دوای کۆبوونەوەیان عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان گوتی، "گفتوگۆمان لەبارەی هەلومەرجی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد، بەتایبەتی پەیوەندیی نێوانمان و پێکەوەبوونمان لە حکومەت. هاوکات باس لە هەڵبژاردنی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش کرا و بە دڵنیاییەوە گفتوگۆکان لەسەر ئاستی باڵاتر لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوام دەبێت."
 
لەبارەی یەک لیستیی لایەنە کوردییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، عەلی حوسین گوتی، "بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە چۆن بێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیش ئامادەی گفتوگۆین بۆئەوەی هەم رێککەوتنەکانمان گونجاو بێت لەگەڵ شێوەی هەڵبژاردنەکان و هەم لە بەرژەوەندیی ئەو ناوچانە بێت کە ناوچەی مادەی 140ـن."
 
دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی رای بزووتنەوەکەیان لەسەر یەک لیستیی کورد لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی، "دوێنێ لەگەڵ شاندێکی یەکێتیش کۆبووینەوە و رای خۆمان گوتووە، بزووتنەوەی گۆران بۆ کەرکووک، سەلاحەدین، موسڵ و دیالە لەگەڵ یەک لیستیدان، چونکە کەرکووک کێشەی خاکە، پۆست و پلە و پایە کاتییە، بەڵام خاک ناکرێتە موزایەدە و راپرسییەوە."
 
بە گوتەی دلێر عەبدولخالق، داوایان کردووە خاڵە هاوبەشەکان و بەرژەوەندیی میلـلەت لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت و دەڵێت، "بۆ پاراستنی سەنگ، قورسایی و بەهێزکردنی زیاتری کەرکووک پێویستە بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەین. هیوادارین لەم چەند رۆژەدا دەستپیشخەریی نوێ ببیسترێت، کە ببێتە هۆی نزیکبوونەوەمان لە یەکدی."
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی گوتی، "پارتی سوور بوو لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆی و لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیش نەبووە، ئێستاش جەخت لەوە دەکەینەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، پرسیاریشمان کردووە لەڕووی هونەرییەوە هیچ گرفتێک نییە، بەڵام پێویستی بە ئیرادەی لایەنە سیاسییەکان هەیە."
 
لەبارەی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ یەکێتی، عەلی حوسێن گوتی، "لەگەڵ یەکێتی کۆبووینەوە و دووبارە کۆدەبینەوە؛ ئێمە دوو حیزبی سیاسین و بیر و بۆچوونی جیاوازمان هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەشیش لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە و ئەوانەش وا دەکات کۆببینەوە و گرفتەکان چارەسەر بکەین."
 
ئەم سەردانەی شاندی پارتی بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە شاندێکی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانی کرد.