گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر: نوێکردنەوەی مۆڵەتی شوفێری بۆ 24 کاژێر راگیراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 24 کاژێر راگیراوە، دوای ئەوەش هاووڵاتییان دەتوانن مۆڵەتەکانیان نوێبکەنەوە.
 
رۆژی سێشەممە 18-07-2023 فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە بەشی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری کار دەکرێت و هیچ گرفتێک نییە، بەڵام بڕیار وابوو ئەمڕۆ پشوو بێت، بۆیە ئێمە سەرەمان بۆ سێشەممە دانەنابوو، بۆ چوارشەممەمان دانابوو، دواتر لە درەنگانی شەو پشووەکە بۆ چوارشەممە گۆڕدرا، بۆیە هەر دوێنێ ئاگاداریمان بڵاوکردەوە کە هەموو ئەوانەی کاتمان بۆ رۆژی چوارشەممە بۆ دانابوون، دەتوانن سێشەممە، واتە ئەمڕۆ، سەردان بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری."
 
بە گوتەی گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، ئەو کۆمپانیایەی کاری بەرنامە ئەلکترۆنییەکەی سیستمی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری دەکات، "بە دەرفەتی زانیبوو کە دەبێتە پشوو، راستەوخۆ بەرنامەکەی خستبووە سەر ئەپدەیت، ئەو بەرنامەیەش کە کرایە سەر ئەپدەیت ناتوانیت رایبگریت تاوەکو دوای 24 کاژێر، بۆیە ئێستا لە هەموو هەرێمی کوردستان نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بۆ ماوەی 24 کاژێر راگیراوە."
 
فازڵ حاجی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "سبەی سیستمی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری دەکەوێتەوە کار."