لە دوو رۆژی یەکەمی جەژنی قورباندا سەروو 30 هەزار گەشتیار سەردانی سنووری سۆرانیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە وەرزی هاوین و بە تایبەت لە رۆژانی جەژندا، خەڵکێکی زۆر روو لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەن. بەشی زۆری گەشتیاران خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.
ئیسماعیل و بەنیی هاوژینی لەگەڵ 12 خزمی دیکەیان لەبەر گەرمای تاقەتپڕووکێنی کەربەلا، پەنایان بۆ سەیرانگەکانی هەرێمی کوردستان هێناوە. ئیسماعیل ساڵح بە رووداوی گوت: "کەشەکە زۆر جوان و خۆشە و زۆر چێژبەخشە، خێزانی باش و خەڵکی رۆشنبیر لێرەن، خودا سەرکەوتووتان بکات بۆ ئەو جێگە جوانانەتان".
بەنی فازڵ، گەشتیارە و دەڵێت، "سرووشت و تاڤگەکانی ئێرە جوانن، چوارەم جارە دێین بۆ ئێرە".
یوسف عەبدولمەجید، گەشتیارێکی دیکەی خەڵکی عێراقە و باس لەوە دەکات: "لە ناوچەکانی ئێمەدا لە بەغدا و ئەنبار تاڤگە و سرووشت نییە هەمووی باڵەخانەی کۆنکرێتییە و چێژی نییە، مرۆڤ هەمیشە چێژ لە سرووشت و شوێنی کراوە دەبینێت بۆیە دێین بۆ ئێرە".
رۆژانی جەژن و پشوو بۆ کاسبکارانی سەیرانگەکان رۆژانی زێڕینن، ئاراس لەدوای جەژنی رەمەزانەوە بە قەد ئەم سێ رۆژەی جەژنی قوربان فرۆشی نەبووە.
ئاراس فەرحان، دووکاندار لە گەلی عەلی بەگ دەڵێت: "ئەگەر گەشتیاری عەرەب لێرە نەبێت و ئێمە بەتەمای کوردەکان بین، دەبێت لێرە واوەیلی بانگ بکەین، چونکە کورد داراییەکەی سنووردارە، بەڵام گەشتیارە عەرەبەکان وانین هەمووی کۆدەکەنەوە تاوەکو هاوین، هاوین دێن لە گەشت و سەیران خەرجی دەکەن".
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، لە دوو رۆژی یەکەمی جەژنی قورباندا سەرووی 30 هەزار گەشتیار سەردانی سنوورەکەیان کردووە.
لە رۆژانی جەژندا سەیرانگەی بێخاڵ جممەی دێت لە گەشتیار. حوسێن محەممەد، گەشتیارە و دەڵێت: "ئێمە خەڵکی بەغداین، ویستمان پشوویەک بدەینە دەروونمان لە کەشوهەوای جەژن، کەشەکەی ئێرە زۆر خۆشە، یەکەمجارە بێم بۆ ئێرە، پێشتر چووم بۆ سلێمانی و هەولێر، بەڵام یەکەمجارە بێم بۆ شەقڵاوە، شەقڵاوە و بێخاڵ زۆر خۆشن".
زیاتر لە 600 کۆمپانیا رێگەپێدانیان هەیە گەشتیار بهێنن، بەگوێرەی پێشبینیی دەستەی گەشتوگوزار، بۆ چوار رۆژی جەژنی قوربان بە نزیکەیی 300 هەزار گەشتیار دێنە سنووری هەرێمی کوردستان.