بڕیارە بە 150 رۆژ رێگەی موسڵ - بەردەڕەش نۆژەنبکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی پارێزگای نەینەوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، دەست بە نۆژەنکردنەوەی رێگەی موسڵ - بەردەڕەش کراوە و 150 رۆژ دیاریکراوە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە بۆ ئەوەی کارەکانی تەواو بکات.
رۆژی یەکشەممە، 18-06-2023 شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێگەی موسڵ - بەردەڕەش بەهۆی شەڕی داعشەوە چاڵ و کەندی زۆری تێکەوت و تێکچوو، بۆیە بڕیاردرا ئەو رێگەیە بدرێتە کۆمپانیایەک و سەرجەم گرفتەکانی چارەسەر بکات."
بە گوتەی شێروان دووبەردانی، کۆمپانیا دەستی بە کارەکانی کردووە و رێگەکە هەر لە تەحریرەوە تاوەکو پردی مەندان کە درێژییەکەی 22.5 کیلۆمەترە چاکدەکاتەوە.
بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگەی موسڵ - بەردەڕەش، دوو ملیار و 513 ملیۆن دینار تەرخانکراوە. نوێنەرەکەی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: "150 رۆژ بۆ کۆمپانیا دیاریکراوە بۆ ئەوەی رێگەکە نۆژەن بکاتەوە هەرچەندە بەگوێرەی بەرنامەی کۆمپانیا بە سێ مانگ پرۆژەکە تەواو دەکرێت."
رێگەی موسڵ- بەردەڕەش، دەبێتە دووەمین رێگەی بەستنەوەی موسڵ بە سنووری پارێزگای دهۆک. شێروان دووبەردانی دەڵێت: "گرنگی ئەو رێگەیە لەوەدایە قەزاکانی بەردەڕەش و ئاکرێ و ناحیەکان و گوندەکانی ئەو سنوورە دەبەستێتەوە بە موسڵ و ناوەندی پارێزگای نەینەوا."