دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین بۆ 30ـی ئەم مانگە دواخرا. پارێزەری کەسوکاری دوو مامۆستاکەش دەڵێت، "پێشبینی ناکەین ئەو کاتیش بڕیار لەسەر دۆسیەکە بدرێت، بەڵام ئەو بابەتە بووەتە رایەکی گشتی و پاڵپشتیمان دەکرێت."
رۆژی پێنجشەممە، 18-05-2023 لە دادگەی تاوانەکانی دووی هەولێر، دووەمین دانیشتنی دادگە تایبەت بە کەیسی کوشتنی د. کاوان ئیسماعیل، راگری پێشووی کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای پێشووی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەچوو.
پارێزەر برزۆ سەعید، پارێزەری هاوژینەکانی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دانیشتنی دادگە بە باشی بەرێوەچوو گوتەکانی دکتۆرە نیشتیمان، خێزانی د. کاوان و چەند شایەتحاڵێک وەرگیرا، بەڵام دادگاییکردنەکە بۆ 30ـی ئەم مانگە دواخرا، پێشبینی ناکەین ئەو کاتیش بڕیار لەبارەی دۆسیەکە بدرێت."
لەبارەی هۆکاری دواخستنی دادگاییکردنەکە، پارێزەر برزۆ سەعید گوتی: "هەفتەی رابردوو پارێزەری تۆمەتبار داواکارییەکی پێشکێشی دادگای تاوانی هەولێر کردبوو. داوای دووبارە کردنەوەی پشکنینی لیژنەی پزیشکی بۆ تۆمەتبار کردووە، جگە لەوەش داوای کردووە تۆمەتبار بە کەفالەت ئازادبکرێت، بەڵام دادگای تاوان ئەو داواکارییەی رەتکردەوە پارێزەری تۆمەتباریش بڕیاری دادگای تاوانی لە سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان تەمیزکردووەتەوە بۆیە دۆسیەکە رەوانەی دادگای تەمیز دەکرێت. تاوەکو ئەو کاتەش کە بڕیارەکە لەوێوە دەگەڕێتەوە، دادگایی سێیەم بەڕێوەناچێت."
بەگوتەی پارێزەر برزۆ سەعید: "تۆمەتبار ئەمڕۆ لە دادگا هەڕەشەی کوشتنی لە دکتۆرە نیشتمان و کەسوکاری دیکەی مامۆستایان کردووە."
رۆژی سێشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2022، خوێندکارێکی زانکۆی سۆران، د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەددینی لەنێو حەرەمی زانکۆ دایە بەر گولـلە و کوشتی، هاوکات پاسەوانێکی زانکۆکەشی بریندار کرد، دوای ئەوە، هەڵیکوتایە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەددین و لە ماڵەکەی خۆی و ئەویشی کوشت.
هاوژینی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، کە ناوی نیشتمان عوسمانە و لە زانکۆی سۆران مامۆستا بوو. پێشتر لەگەڵ تۆمەتباری رووداوەکە "ئـ. م. ق." لەسەر گواستنەوەی لە زانکۆی سۆران بۆ زانکۆی سەلاحەددین کێشەیان هەبووە و بووەتە دەمەقاڵێیان. دواتر سکاڵای لەسەر ئەو خوێندکارە تۆمار کردووە.
رۆژی 28ـی حوزەیران، یەکەم رۆژی دادگاییکردنەکەیان بووە، بەڵام بەر لە دادگاییکردنەکە تۆمەتبارەکە چووەتە ماڵی د. ئیدریس و تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی.
سەرەتا گوترا تۆمەتبار نەخۆشیی دەروونی هەبووە، بەڵام پارێزەری کەیسەکە رایگەیاند، بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی تۆمەتبار لە دۆخێکی ئاساییدا بووە و نەخۆشیی دەروونی نەبووە.
رۆژی یەکشەممە، 30ـی نیسانی 2023 تۆمەتبارەکە بە گوێرەی مادەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە کوشتنی بەئەنقەست، برایە بەردەم دادوەر، بەڵام ئەوکاتیش دادگاییەکەی بۆ ئەمڕۆ دواخرا.