بەشێک لە هێزە عێراقییەکان لە سەرگەڕان رێگری لە دروێنەکردنی گەنمی جووتیارە کوردەکان دەکەن
رووداو
لە سەرگەڕان بەشێک لە هێزە عێراقییەکان رێگری لە کارکردنی جووتیارە کوردەکان دەکەن. لە کاتێکدا ئێستا وەرزی دروێنەی گەنمە، بە خەڵکی سەرگەڕان گوتراوە ئەگەر دەڕاسە ببەنە سەر زەوییەکانیان، راستەوخۆ دەیانبەن.
محەممەد خدر، جووتیارێکی دانیشتووی گوندی خەرابەیە و دەڵێت، "تەماشا دەخڵەکان ئاوماندا ئەوەندەی هاتووە، دەمانەوێ دروێنەی بکەین حکومەت رێگەنادا".
وشکەساڵی و نەهاتی دەخڵودان سنووری سەرگەڕانیشی گرتووەتەوە، سەرەڕای ئەوەش، ئێستا ناتوانن بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن.
محەممەد خدر دەڵێت، "ویستم سبەی دەڕاسە بهێنم [شۆفێری] دەڕاسەکە دەڵێت، 'ناوێرم بێم سوپا رێگری دەکات و دەڕاسەکە دەبات' ".
جووتیارانی ناوچەکە داد و بێدادی ئەو دۆخەیانە کە ساڵانە لە وەرزی چاندن و دروێنە سەرهەڵدادەتەوە.
دەیان جووتیار لە گوندی خەرابەی سەر بە سەرگەڕان وەک ناڕەزاییەک دژی رێگرییەکانی دروێنەی بەروبوومیان لەلایەک و هەوڵێکی نوێی تەعریب بۆ دەستگرتنە سەر 28 پارچە زەوی گردبوونەوە. جووتیارەکان قۆچانی رەش و بەڵگەی سەتان ساڵەی خاوەندارێتیی زەوییەکانیان بەدەستەوەیە.
عەدنان جەوهەر مەجید، جووتیاری سنووری سەرگەڕان دەڵێت، "نزیکەی 100 ساڵ دەبێت ئەو قۆچانەمان هەیە، ئێستا دەیانەوێ دەستی بەسەردابگرن، دەستیان دەڕوات و دەسەڵاتدارن".
جەبار قادر، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "ئێمە شەڕ ناکەین، بەڵام شەڕمان لەگەڵ بکەن بەخوا تا نەکوژرێین ئێرە بەجێناهێڵین، چونکە موڵک و قۆچانی باو و باپیرمانە".
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک پێشاندەدات و دەڵێت، "ئەو شتانە بوەستێنن، ئەمە نووسراوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانە، ئەمە نووسراوی بەشی یاسایی کشتوکاڵی کەرکووکە، بەڵام ئەوان ئیش بە نووسراوەکانی خۆیان ناکەن، بەداخەوە دادگە هەندێک بڕیاری دەرکردووە دەڵێ، 'ئەم کەسە ماددەی 140نایگرێتەوە'، بەڵگەم پێیە کە ناوی هەیە و بڕیارەکەشم هەیە کە پارەی 140ی وەرگرتووە".
ساڵانی رابردوو سووتانی دەخڵودان مەترسییەکی گەورەی سەر بەرهەمی رەنجی جووتیارانی ئەو ناوچەیە بوو. ئەمساڵ دەخوازن بەرلەوەی بەروبوومیان بکەوێتە بەر ئەو مەترسییە زوو دروێنە بکەن کە تائێستا رێگری هەن.