عومرەکارێکی کورد لە مەککە گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
عومرەکارێک کە نزیکەی هەفتەیەکە لەگەڵ کەسوکاری سەردانی سعودیەی کردووە بۆ بەجێگەیاندنی عومرە، بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 18-4-2023) لە مەککە گیانی لەدەستدا و بووە پێنجەم عومرەکاری کورد لەمساڵدا لەکاتی عومرەدا کۆچی دوایی بکات.
رۆژی سێشەممە 18-04-2023 کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شوکریە یەحیا مەجید، دانیشتووی سۆرانە و لەگەڵ هاوژین و کچەکەی بۆ عومرە سەردانی سعودیەیان کردووە، بەڵام بەیانیی ئەمڕۆ لە مەککە گیانی لەدەستدا و بڕیارە هەر لەوێ بنێژرێت.
بەگوتەی کاروان ستوونی، شوکریە یەحیا نوێژی بهیانیشی كردووه، دواتر باری تهندروستی تێكچووه، تاوهكو گهیندراوهته نهخۆشخانه كۆچی دوایی كردووه، بەمەش بووە پێنجەم عومرەکاری کورد لە 01-01-2023ـوە تائێستا، لە سعودیە کۆچی دوایی بکات.
ئەمساڵ زیاتر لە 25 هەزار هاونیشتمانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە و تەنیا لە رەمەزانیشدا زیاتر لە 5000 کەس سەردانی سعودیەیان کردووە بۆ بەجێگەیاندنی عومرە.
بە گوتەی کاروان ستوونی، بەهۆی کەمبوونەوەی تێچووی عومرە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەیەکی زیاتر هاونیشتمانی سەردانی سعودیەیان کردووە و عومرەیان کردووە. دەشڵێت: "ساڵانی رابردوو تێچووی عومرە زیاتر لە 1700 دۆلار بوو، بەڵام ئەمساڵ 1100 دۆلار بووە".
رۆژی شەممە 08-04-2023 دوایین کاروانی عومرەکارانی ئەم مانگە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتوون. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "دووەم و سێیەم رۆژی جەژن دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان".