تۆماری باری کەسێتیی سنە: جیابوونەوە 17٪ زیادیکردووە
رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری باری کەسێتیی پارێزگای سنە دەڵێت، لە یەک ساڵی رابردوودا رێژەی جیابوونەوە لەو پارێزگایە بەراورد بە ساڵێک پێشتر نزیکەی 17٪ بەرزبووەتەوە.
عەلی جەوکار، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسێتیی پارێزگای سنە دەڵێت، "ساڵی رابردوو 4 هەزار و 981 جیابوونەوە تۆمار کراوە؛ ئەوەش بەراورد بە ساڵێک پێشتر 16.7٪ زیاتر بووە".
بە گوتەی عەلی جەوکار، تەنیا 704 لە جیابوونەوەکان لەنێوان هاوژینەکانی دانیشتووی گوندەکاندا بووە و هەموو جیابوونەوەکانی دیکە لەنێو دانیشتووانی شارەکاندا بووە.
بێکاری، ئاڵوودەبوون بە ماددەهۆشبەرەکان، نەبوونی سەرچاوەی داهات، هەوڵی زیاتری ژنان بۆ مافی زیاتر لەنێو بنەماڵە و لەنێو کۆمەڵگە، نزمبوونی ئاستی لێکتێگەیشتن، قبووڵنەکردنی لایەنی بەرامبەر بە هۆکارە سەرەکییەکانی جیابوونەوەی هاوژینان دادەنرێن.
هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی جیابوونەوەکان، پێکهێنانی ژیانی هاوژینیش لە پارێزگای سنەدا نزیکەی 1٪ بەراورد بە ساڵێک پێشتر دابەزیوە. ساڵی رابردوو 14 هەزار و 88 رووداوی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی تۆمار کراوە.
بەپێی راپۆرتی تۆماری باری کەسێتیی پارێزگای سنە، تەمەنی تێکڕای جیابوونەوە لەنێو پیاواندا 35 ساڵ و لەنێو ژنانیشدا 31 ساڵ بووە.