"سوودانی پێشنیازی کردووە وەزیرێک ببێتە پارێزگاری کەرکووک"
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک پێیوایە، دواخستن و دواکەوتنی یەکلاییکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک دەیسەلمێنێت سەرۆکوەزیرانی عێراق دەسەڵاتی بەسەر لایەنە سیاسیی و پێکهاتەکانی کەرکووک نییە. باس لە پێشنیازێکی سوودانی دەکات بەوەی وەزیرێکی حکومەتەکەی رادەسپێرێت بۆ بەڕێوەبردنی کەرکووک.
عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک، کە میوانی بوڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. رایگەیاند، "دۆسیەی کەرکووک سیاسییە" و بەهۆی بەشداریکردنی کورد، عەرەب و تورکمان لەم دۆسیەیە وایکردووە هاوکێشەکە ئاڵۆزبێت. ''ئەم لایەنانە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە پرۆژەیەکی نیشتمانیی هاوبەش دابڕێژن کە زامنی دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگا و هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک لە چوارچێوەی شایستەی هەڵبژاردن بکەن.''
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک دەڵێت "ئاڵۆزیی پرۆسەکە هۆکارە بۆ دواکەوتنی دامەزراندنی حکومەتی خۆجێی، کە بووەتە مایەی شەرمەزاری بۆ حکومەتی ناوەندی و محەممەد شیاع سوودانیش."
بەگوتەی حەمدانی، دەستپێشخەریی سوودانی، دەسپێشخەرییەکی نیشتمانییە کە هەوڵ دەدات بۆچوونە جیاوازەکان لەیەکدی نزیک بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگەچارەیەکی گونجاو و هاوبەش بدۆزێتەوە لەپێناو دەرچوون لەم قەیرانە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان پێداگرن لە داواکاری و شایستەکانیان و داوای پارێزگار دەکەن.
ئەو پێیوایە، دواخستنی بەردەوامی چارەسەرییەکان دەرخەری ئەوەیە سوودانیش ناتوانێت ئەم پرسە چارەسەر بکات تەنیا دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت بۆ ئەوەی فاکتەری ترس و نەبوونی متمانە وەلابنێت. بۆیە لەمە زیاتر ناتوانێت دەستوەردان بکات و سنوورەکان ببەزێنێت.
سەبارەت بە پێدانی پلە و پۆست لە کابینەی حکومەتی سوودانی بۆ ئەوەی رێگەخۆش بکات لایەنەکان رێککەون، ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی عەزم گوتی "دەگوترێت، سوودانی لە دانیشتنی دووەمیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک چەند پلە و پۆستێکی بەخشیووەتە لایەنەکان بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێکی گونجاو. هەروەها قسە و باس هەیە گوایە سوودانی یەکێک لە وەزیرەکان رادەسپێرێت بۆ ئەوەی ئەم پارێزگایە بەڕێوەببات، بەڵام بیرۆکەی دووەم لەگەڵ دۆخی سیاسیی کەرکووک ناگونجێت، بەهۆی ئەوەی ئەگەر وەزیرە راسپێردراوەکە عەرەب بێت، کورد و تورکمان قبووڵی ناکەن، ئەگەر کورد بێت، عەرەب و تورکمان قبووڵی ناکەن. لە کەرکووک بریکاری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی و بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکان هەن و بەپێی یاسا ئەوان لەپێشترن بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگا."
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، یەکێتى پێنج کورسی بەدەستهێنا و براوەى یەکەم بوو، هاوپەیمانیى عەرەبی سێ کورسی بەدەستهێناوە، هەریەک لە پارتى، بەرەى تورکمانى، هاوپەیمانیى قیادە یەکى دوو کورسییان بەدەستهێنا، هاوپەیمانیى عرووبە یەک کورسی و بابلیوون کورسیى کۆتای ئەنجوومەنەکەى بردەوە.
عەزام حەمدانی سەبارەت بە بۆچوونی هاوپەیمانییەکەی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، گوتی "هاوپەیمانیی عەزم لەگەڵ ئەوەدایە ئیدارەی ئەم شارە بەشێوەیەکی یاسایی و دادپەروەر بەڕێوەببردرێت، کە گونجاو بێت لەگەڵ رای گشتیی کەرکووک.
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک 16 کورسییە، دەنگدان بۆ پۆستى پارێزگار پێویستى بە نۆ کورسییە، هیچ کام لەو سێ پێکهاتەیە بە جیا ئەو ژمارەی کورسییەیان نییە.
عەزام حەمدانی دەڵێت "کێشەکە تەنیا پەیوەندیی بە پۆستی پارێزگارەوە نییە، بەڵکو کێشەکە لەسەر پۆستی پۆستەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا، سەرۆکایەتیی فەرمانگەکان، فەرماندەی پۆلیس و قایمقامیەتە. رەنگە لایەنەکان لە بەرامبەر پێدانی پلە و پۆست لە حکومەتی ناوەند، وەک بریکاری وەزیر، ئیدی سازش لەسەر بەشێک لە پلە و پۆستەکانی کەرکووک بکەن."
رۆژی 21-02-2024 نوێنەرانی هێزە سیاسییە براوەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانى کۆبوونەوە و بڕیاردرا هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک پێکبهێندرێت.
هاوپەیمانییەکە رۆژی 11-03-2024 بە سەرۆکایەتیی سوودانی کۆبووەوە، بڕیارە ئەم هەفتەیەش کۆببێتەوە. بەڵام عەزام حەمدانی پێیوایە، رەنگە هەوڵەکانی سوودانی 30٪ـی کێشەکە چارەسەر بکات.
عەزام حەمدانی گوتی "ئەو لایەنانەی پێیانوایە پۆستی پارێزگاری کەرکووکیان پێنادرێت، هەوڵدەدەن دەسەڵاتەکانی پارێزگار کەمبکەنەوە و پێشنیازێک هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەوەی دەستەیە پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان لەنێوان پارێزگار و پەرلەمانتارانی بازنەی کەرکووک دابەش بکرێت و نایانەوێت تەواوی دەسەڵاتەکان لەژێر دەستی کەسی پارێزگار بمێنێت."