فازڵ بەشارەتی: کشانەوەی پارتی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق لاسەنگ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پێشووی پارتی دەڵێت، یەکێتی سەرقافڵەی ئەو ناڕەزایەتییانەیە بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت و پێویستە پارتی سەرکێشی سیاسی بکات، "کشانەوەی پارتی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق لاسەنگ دەکات."
دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ''لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی هات. دەشڵێن، لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەنە بەردەم بەرپرسیاریێتیی نیشتمانی لە جێبەجێکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی حکومەت، "بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا."
فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی پێشووی لقی 12ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "پارتی مافی خۆیەتی نیگەران بێت، چونکە لە لایەکەوە لەبەر تیری دوژمنکارانەی دەرەوە و لەلایەکی دیکەوە کەوتووەتە بەر تیری دوژمنکارانەی لایەنە کوردستانییەکان، هەندێک لایەنی دیکە دەیانەوێت لەسەر حسابی پارتی، خۆیان ببەنە پێشەوە و خۆیان شیرین بکەن."
فازڵ بەشارەتی گوتیشی "پارتی لە بەرامبەر هەڵوێستی ئەو حیزبانە کەمتەرخەمە، ماوەیەکە هێرشێکی گەورەی میدیایی لە دژی پارتی هەیە و بەردەوامە، هەموو دژایەتییەکان بۆ کوردە و لە نێو کوردیشدا بۆ پارتییە. دەبوو پارتی لەسەرەتاوە هەڵوێستی خۆی بەشێوەیەکی مەرکەزی دیاری بکردایە."
باسی لەوەشکرد "یەکێتی سەرقافڵەی ئەو ناڕەزایەتییانەیە بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی ئەوەندە نەرمی نواندووە لەبەرامبەر دۆخە سیاسییەکە و یەکێتی، تەنانەت بەشێک لە خەڵکە پارتییەکەش گلەییان لەو هەڵوێستە هەیە."
فازڵ بەشارەتی دەڵێت "بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوەندە بۆ لای بەغدا رادەکەن، نێوهێندە بۆ لای بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان ناڕۆن، لە کاتێکدا دادگەی فیدراڵی چەند بڕیارێکی دژ بە هەرێمی کوردستان دەرکرد، یەکێتی و چەند لایەنێکی دیکە کێبڕکێیان بوو بۆ ئەوەی ئەو بڕیارانە وەک دەستکەوت بۆ خۆیان دابنێن."
لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵییەوە، جەختیکردەوە "هیچ بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە، دادگەی فیدراڵی عێراق دەیەوێت بە بیانووی پێدانی مووچە، هەموو دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان وەربگرێتەوە."
فازڵ بەشارەتی دەشڵێت "ئەوانەی دەچنە بەغدا زۆر سەودا و مامەڵەیان لەگەڵ عەرەبی شۆڤێنی هەیە بۆ باخەڵی خۆیان بەوانەی پارتیشەوە، دەبوو نوێنەرانی کورد لە بەغدا هەڵوێستیان هەبووایە، پارتی دەتوانێت لە بەغدا بکشێتەوە."
سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، گوتی "سەرکەوتنە سیاسییەکانی پارتی پەیوەستن بەو سەرکێشییانەی کردوونی، ئێستاش پێویستە پارتی سەرکێشی سیاسی بکات، کشانەوەی پارتی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق لاسەنگ دەکات، بۆ کورد لەم دۆخە خراپتر نابێت."
بڕیارە لە 10ـی حوزەیرانى 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
بەشارەتی ئاماژەی بەوەشکرد "لە هەر کاتێک پارتی لە خراپترین دۆخیدا بێت هەر حیزبی یەکەمە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام پارتی کێشەی نێوخۆییشی هەیە و دەبێت کێشەکانی نێوخۆی چارەسەر بکات و دەستی ئەو گەندەڵانە ببڕیت کە بە ناوی پارتییەوە سەریان کردووەتە سامانی ئەم وڵاتە."
رۆژی 3ـى ئاداری 2024، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان فهرمانى ههرێمی بۆ دياريكردنى رۆژى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان واژۆكرد کە رۆژى 10-6-2024ـە.