راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ: وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ بۆ 10٪ بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێ ''وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە 8٪ـەوە بۆ 10٪ بەرزبووەتەوە'' و، وەزارەت کاردەکات بۆ ناساندنی زیاتری بەرهەمە نێوخۆییەکان بە وڵاتان.
رزگار حەمە خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە، 18-03-2023) لە ئیڤێنتی خەڵاتکردنی جوتیارانی نموونەیی هەڵەبجە رایگەیاند، وەبەرهێنانی کەرتی کشتوکاڵ بەڕێژەی لەسەتا دوو بەرزبووەتەوە.
رزگار حەمە خدر گوتی، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی زۆری بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران بەتایبەتی هەنار داوە، ''بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و بەبراندکردنی بەرهەمەکانمان و ناساندنی بەرهەمی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەنار بە وڵاتان، هەنگاوی زۆر جیدیمان ناوە''.
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاشکرای کرد؛ دوو رۆژ لەمەوبەر بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتی بەبازاڕکردنی بەرهەمە نێوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان، روونکردنەوەی رێگرییەکان، دروستکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق بە مەبەستی پاڵپشتیی جووتیاران لە وەرگرتنی گەنم، کردنەوەی سایلۆکان لە کاتی خۆی و پاڵپشتی لە پڕۆژەکانی پەلەوەری، سەردانی بەغدایان کردووە.
ساڵی رابردوو نزیکەی 250 هەزار کەس بەمەبەستی ئامادەبوون لە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە روویان لەو شارە کرد. فێستیڤاڵەکە بە گوتەی رزگار حەمەد خدر "زیاتر لە یەک ملیار دینار داهاتی هەبوو. ئەوە ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئێمە کە کار لەسەر کەرتی کشتووکاڵیی هەڵەبجە بکەین''.
ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەردا، فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە سازدەکرێت و جووتیار و باخەوانەکانی هەنار لە هەڵەبجە و شارەزوور بەمەبەستی بەبازاڕکردن و فرۆشتنی هەنار، بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا دەکەن.
گوتەکانی رزگار حەمە خدر لەکاتێکدان، لە مانگی ئایاری 2021، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێک و نۆ مانگی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاستی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا لە 1.5٪ـەوە بۆ 8٪، بەرزبووەتەوە.