نزیکەی 2000 داری دارستانی رانیە بەهۆی نەخۆشییەوە وشکبوون


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ژینگەی راپەڕین رایگەیاند، نەخۆشییەک لە نێو دارستانی رانیە بڵاوبووەتەوە، بەوهۆیەوە 2000 داری دارستانەکە وشکبوون. دەشڵێت، نەخۆشییەکە لە نێو دارستانی دیکەش بڵاوبووەتەوە.
 
ماوەی چەند ساڵێکە دارەکانی دارستانی رانیە تووشی نەخۆشییەک دەبن و وشکبوونی بەدوادا دێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 2000 دار کە دەگوترێت تەمەنی هەندێکیان زیاتر لە 50 ساڵە، لەو دارستانە بە تەواوی وشکبوون.
 
رۆژی شەممە، 18-03-2023، حەمە شوان کەریم، بەڕێوەبەری ژینگەی راپەڕین لەو بارەوە بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداوی گوت، نەک تەنیا دارستانی رانیە، بەڵکو چەند دارستانێکی دیکەش لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، رووبەڕووی نەخۆشییەک بوونەتەوە کە پێی دەگوترێت ''کەڕوو''. 
 
حەمە شوان کەریم ئاماژەی بەوەدا، ئەم نەخۆشییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە کە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵ دەبێت لە دارستانی رانیە رۆژ بە رۆژ داری زیاتر وشک دەکات. گوتیشی، ''ئەوە بۆ دارەکان وەکو شێرپەنجەیە و پێویستی بە دەرمان و چارەسەرە.''
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ژینگەی راپەڕین، ئەو نەخۆشییە لە دارێکەوە بۆ دارێکی دیکە دەگوازرێتەوە. دەشڵێت، ماوەی سێ بۆ چوار ساڵ لەمەوپێش هەوڵێکی زۆریان بۆ پێشگرتن لەم نەخۆشییە داوە و بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ، پۆلیسی دارستان و ژینگە، راپۆرتێکیان لەسەر نەخۆشییەکە ئامادەکردووە و بۆ وەزارەتی کشتوکاڵیش نێردراوە.
 
حەمەشوان کەریم ئەوەشی خستەڕوو: ''ئەوەی کە ئێمە بەدواداچوونمان کرد، وەزارەتی کشتوکاڵ دەرمانیشیان بۆ دارستانەکان ناردبوو و هەوڵی تەعقیمکردنی شوێنی ئەو دارە وشکانەیان دا، بۆ ئەوەی نەخۆشییەکە تەشەنە نەکات، بەڵام هەست دەکەم توانایان وەکو پێویست نەبووە و کارەکان بە خێرایی نەکراون."
 
رووبەری دارستانی رانیە نزیکەی 915 دۆنمە و 25 هەزار داری تێدایە، بەڵام بەشێک لە دارەکانی دارستانەکە وشکبوون.