بریندارێکی کیمیابارانی هەڵەبجە گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی کۆمەڵەی قوربانییانەی کیمیابارانی هەڵەبجە رایگەیاند یەکێک لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە دوێنێ شەو گیانی لەدەستدا، دەشڵێت ئەو کەسە باوکی سەرۆکی کۆمەڵەکەیانە، 34 ساڵ بوو چاوەڕێی دەکرد چارەسەر بکرێت.
 
کامیل عەبدولقادر، گوتەبێژی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەداخەوەین کە بریندارێکی کیمیایی بەناوی عەبدولقادر محەممەد رۆستەم تەوێڵەیی، کە خاوەنی چەندین شەهیدی کیمیابارانی هەڵەبجەیە و هاوژین و بەشێک لەمنداڵەکانی، هەروەها باوکی کاک لوقمان، سەرۆکی کۆمەڵەکەمان بوو، شەوی رابردوو دوای 34 ساڵ لە ئازار و نەهامەتی و ناڵاندندەوە بەدەست ژەهری گاز لە سنگ و چاو و هەناویدا گیانی لەدەستدا و شەهید بوو".
 
کامیل عەبدولقادر داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات چیدی تەماشای ئەو ئازارانە و گیانلەدەستدانی خۆشەویستانیان لە بریندارانی کیمیابارانی هەڵەبجە نەکەن و بەدەمیانەوە بێن بۆ چارەسەکردنی ئەو ئازیزانە با وەکو کاک عەبدولقادر محەممەد رۆستەم تەوێڵەیی گیان لەدەستنەدەن.
 
کامیل عەبدولقادر، گوتەبێژی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، سەبارەت بە ژمارەی بریندارانی کیمیابارانی هەڵەبجە گوتی: "ئێمە جگە لە شەهیدبوونی پێنج هەزار کەس لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، 10 هەزار بریندارمان هەبووە و لەدوای راپەڕینەوە سەدان برینداریان لێ شەهیدبوون بەهۆی ئەوەی چارەسەرنەکراون".
 
لە 16ی ئاداری 1988، هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە کیمیابارانکرا و بەهۆیەوە پێنج هەزار کەس شەهید بوون و هەزارانی دیکەش بریندار بوون، بەشێکیان بەهۆی سەختی برینەکانییانەوە گیانیان لەدەستداوە و بەشێکێکیشان هێشتا بەو ئازارەوە دەناڵێنن و تووشی چەندین نەخۆشی بوون".