سەعدی پیرە: نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی ئەرێنیی لە ناوچەکەدا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دوایین رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بوون کە لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی دەسکەوتێکی گەورەیە و بەرپرسانی رۆژئاوا لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی پشتیوانی خۆیان بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دووپات کردووەتەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆنفرانسێکی زۆر گرنگە، راستە بڕیاری تێدا نادرێت، بەڵام ئامادەسازی بۆ بڕیارە گرنگەکان لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوانەی لەو کۆنفرانسەدا بەشدار دەبن ئەو کەسایەتیانەن کە کاریگەرییان لە سیاسەتی جیهانیدا هەیە، بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانیش دەسکەوتێکی گەورەیە.
گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گوتی: "رۆژئاواییەکان دەتوانن زۆر شت بۆ ئێمە بکەن، بەرپرسانی رۆژئاوا لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی پشتیوانی خۆیان بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دووپات کردووەتەوە.
سەعدی پیرە گوتیشی: ''نێچیرڤان بارزانی لە هەرێمی کوردستان لە نێوان حیزبەکان و بەتایبەت یەکێتی و پارتی، هەروەها لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و کەمکردنەوەی شەڕ بە کۆنە 'قین' رۆڵێکی باشی هەیە و ئەوەش وادەکات لایەنگر و پشتیوانی زۆر بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی باش''.
دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 18/2/2024 لەبارەی ئەو سکاڵایەی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە کۆبووەوە و دانیشتنەکەی بۆ 21ـی شوبات دواخست.
گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو بارەیەوە گوتی: "دواخستنی بڕیاردان لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە کەمتەرخەمی دادگەکەیە. ئێمە وەکو یەکێتی دادگە هەر بڕیارێک بدات لەسەر سکالاکە رێزی لێدەگرین، تورکمانەکانیش بەهەمانشێوە دەڵێن رێز لە بڕیارەکەی دادگە دەگرین، تێناگەین کێ رازی نییە بڕیاردانەکە دوادەخرێت."
سەعدی پیرە، دەڵێت: "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەر دەکرێت، بەڵام رەنگە دوو مانگ زووتر یان درەنگتر بکرێت ئەوەی نەدەبوو رووبدات روویداوە وەک سڕکردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام دەبێت ئارام بگرین و وانە لەوانە وەربگرین."
لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانەوە، سەعدی پیرە گوتی: "ئێمە ناگەڕێینەوە چاخی بەردین، لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێکداین بەمەرجێ خەڵکی 'مەعنی' بتوانن دەنگ بدەن نەک خەڵکی 'ناعێراقی'، ئێمە رازی نابین خەڵک بە هەموو پێناسێک دەنگ بدات."
یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک
تاوەکو ئێستا دانوستاندنەکان بۆ دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک و دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەردەوامە و چەند پێشنیازێک بۆ رێککەوتنی لایەنەکان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی نەبووە.
سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری کەرکووک سەعدی پیرە رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی بڕیارماندا بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن پارێزگاری کەرکووک کورد بێت، بۆ ئەو بابەتەش پێویستە تیمی یەکێتی و پارتی لەگەڵ لایەنەکان لە کەرکووک گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێکی باش."
گوتەبێژی یەکیتی پێیوایە ئەگەر کورد هەر 16 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیشی هەبێت نابێت بەبێ عەرەب و تورکمان حکومڕانی لە کەرکوو بکات و گوتی: "دەبێت بە یەکەوە حکومڕانی بکەین، ئەوانەی دەستوەردان لە دۆخی کەرکووک دەکەن کەرکووکییەکان نین، بەڵکو خەڵکی دەرەوەی کەرکووکن''.
لەبارەی دەستنیشانکردنی ناوێک بۆ پارێزگاری کەرکووک، سەعدی پیرە دەڵێت: "پارتی و یەکێتی پێکەوە گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێرن."