لە شرنەخ بۆ ماوەی سێ رۆژ خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کرا

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای شرنەخ بۆ ماوەی سێ رۆژ قەدەخەی خۆپیشاندان و گردبوونەوە راگەیێندرا.
 
پارێزگای شرنەخ ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی شوباتی 2024 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە کاژێر 00:01 ـی رۆژی دووشەممە، 19 شوباتی 2024 ـەوە تاوەکو کاژێر 23:59 خولەکی 21ـی شوباتی 2024 لە ناوەندی شار و شارۆچکەکانی شرنەخ هەموو جۆرە گردبوونه‌وه‌، خۆپیشاندان، رێپێوان و مانگرتن، هه‌ڵدانی چادر و چالاكییەکی دیکە قه‌ده‌خەیە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، بەمەبەستی "پاراستنی ماڵ و گیانی هاووڵاتیان" و "دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانی" ئەو بڕیارە دراوە و جەخت کراوەتەوە، لەو وادەیەدا رێگە بە هیچ کار و چالاکییەکی بێ مۆڵەت نادرێت تەنیا ئەو چالاکییانە نەبێت، کە لەلایەن پارێزگار و قایمقامەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدەرێ.
 
لە سەرەتای مانگی شوباتەوە قەدەخەی خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان راگەیێندرا. ئەمەش دوای ئەوە هات تولای حاتمئۆغوڵڵاری ئۆروچ، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی رۆژی چوارشەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2024 رایگەیاند، بە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە یەک ـی شوباتدا دەست بە رێپێوان دەکەن.