ئیمارات 91 فڕۆکە هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە ناردووە


رووداو دیجیتاڵ

ئیمارات لە رۆژی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023ـەوە 91 فڕۆکەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووان لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا ناردووە.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووتەوە کە لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی کە دەستیان پێکردووە بە مەبەستی یارمەتیدانی هاووڵاتییانی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکە، تاوەکو ئێستا 91 فڕۆکەی هاوکارییان بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا ناردووە و ئەو هاوکارییەش لە دوو هەزار و 549 تۆن پێکهاتووە.
 
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی ئیمارات، تائێستا 78 فڕۆکەی هاوکاری رەوانەی باکووری کوردستان و تورکیا کراون و 44 فڕۆکەش بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا نێردراون.
 
محەممەد بن زاید ئال نهیان، سەرۆکی ئیمارات لە شەشی شوباتدا دوای ئەوەی بوومەلەرزەکە روویدا پەیوەندی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد و هاوخەمی و پشتیوانیی خۆی دەربڕی. 
 
بە فەرمانی محەممەد بن زاید ئال نهیان و لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە هاوبەشەی کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیمارات، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوەی خەلیفە بن زاید ئال نهیان و مانگی سووری ئیمارات لە هەمان رۆژدا دەستیپێکرد، رۆژی 6ی مانگ تۆنێک هاوکاریی مرۆیی رەوانەی باکووری کوردستان و تورکیا کرا.
 
محەممەد بن زاید ئال نهیان، سەرۆکی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا رۆژی 7-2-2023 رایگەیاندبوو، بڕی 50 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری نەختینەیی دەبەخشێتە تورکیا.
 
هەروەها ئیمارات نەخۆشخانەیەکی گەڕۆکی 54 قەرەوێڵەیی لە شارۆچکەی ئیسڵاحییەی پاریزگای دیلۆکی باکووری کوردستان دروستکردووە کە چوار بەشی چاودێریی چڕی لەخۆگرتووە.