بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی: تیمێکمان لە بەغدایە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، لەبارەی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت، تیمێکیان لە بەغدایە و لەوبارەوە سبەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبنەوە.
زیاتر لە مانگ و نیوێکە نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت بەهۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت راگیراوە. رۆژی شەممە 18-2-2023 عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، تیمێکیان لە بەغدایە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو کێشە بکەن و "سبەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیان دەبێت، دوای کۆبوونەوەکەش هەموو شتێک روون دەبێتەوە".
بڕیارە کۆمپانیایەکی ئەوروپی دەفتەری پاسپۆرتی عێراقی چاپ بکات. عەمید سالار عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەوە سبەی یەکلادەبێتەوە و ئەگەر ئەوە بکرێتە بڕیار، هەموو عێراق دەگرێتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی گوتیشی :"لەکارەکان بەردەوامین و ئێمە کاری هاونیشتمانیمان رانەگرتووە، تەنیا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 380 مامەڵەی هاونیشتمانیانمان راییکردووە، بەڵام کە دەگاتە سەر ئامێری چاپ، بەهۆی نەبوونی دەفتەر لەوێ، مامەڵەکان رادەوەستن".
24ـی کانوونی دووەمی 2023، لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت لەبەر نەبوونی "دەفتەری خام" راگیراوە؛ لەبارەی ئەو کەسانەی نەخۆشن یان کارێکی تایبەتیان هەیە، گوتی :"دەفتەری یەدەگمان بۆ ئەو کەسانە داناوە و بە خێرایی پاسپۆرتیان بۆ دەگەڕێتەوە".