خزمەتگوزارێکی ماڵی پێشڕەو دزەیی چیرۆکی کاتی هێرشە مووشەکییەکان دەگێڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رزگاربوویەکی هێرشەکەی ئێران چیرۆکی کاتی رووداوەکە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە، هەروەها برینی لەدەستدانی پێشڕەو دزەیی زیاتر لە برینەکانی خۆی ئازاری دەدات.
ئارلین ئەنتۆنیۆی تەمەن 42 ساڵ، یەکێک لە کارگوزارە فلیپینییەکانی ماڵی پێشڕەو دزەییە، ئەو کەسەی وەک باوکێکی دڵسۆز و ئازیز وێنای دەکات.
ئارلین ئەنتۆنیۆ، برینداری بۆردومانەکەی ماڵی پێشڕەو دزەییە و بە رووداوی گوت، "لەبارەی دۆخی منەوە، تاوەکو ئێستا باشم. برین لەسەرم هەیە، قاچم شکاوە زۆر شوێنیشم مۆربووەتەوە، بەڵام هێشتا باشم. لەبارەی رووداوەکەش، کاتێک روویدا، من لە مەتبەخ خەوتبووم لە ڤێلاکەمان پاشان شتێک وەک بۆمب تەقییەوە، دوای خولەکێک دووبارە تەقییەوە و لەهۆش خۆم چووم، نەمزانی چ روویدا. من حەوت ساڵە لەو کۆمپانیایە کاردەکەم."
خێزانی پێشڕەو دزەیی، وەکو ئارلین ئەنتۆنیۆ دەڵێت، "خەڵکی زۆر باشبوون، نامەوێت بیر لە رووداوەکە بکەمەوە. ئەو باوکێکی باش بوو بۆ من. زۆر پاڵپشتیی دەکردم. من هەستم بەوە نەکردبوو لە دەرەوەی خێزانەکەبم، هەموومان بەیەکەوەبووین، خێزانێک بووین لە خانووەکە، رێزی یەکترمان دەگرت، یەکترمان خۆشدەویست، لەبەر ئەوەیە ئەو شتە زۆر قورسە بۆ من. ئەو کەسێکی زۆر باشبوو بۆم، باوکی من بوو."
مارگی پاڵمای 38 ساڵ کە خەڵکی فلیپینە و کارگوزارێکی دیکەی ماڵی پێشڕەو دزەییە. کەوتنی زەبر بە سەری و سەختی برینەکانی رێگربوون بتوانێت قسە بکات.
جگە لەو دوو کارگوزارە، میشێل میندێزای هاوڕێیان چوارەمین قوربانی هێرشەکەیە. میشێل زیاتر لە ساڵێک بوو لەو ماڵە کاری دەکرد، ئەو ئەرکی دایەن و سەرپەرشتیی ژینای تەمەن 11 مانگی کچەکەی پێشڕەو دزەیی پێ سپێردرابوو.
ژینە بەخاک سپێردرا، بەڵام میشێلی دایەنی هێشتاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە. تەنیا شتێک لەم دووانە ماوەتەوە بووکەڵەکانە .
تاوەکو ئێستا میشێل تەنیا بەڵگەنامەی نشینگەکەی دۆزراوەتەوە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە 16ـی مانگەوە بێوچان بەدوای تەرمەکەی دەگەڕێن. ئەوەی تاوەکو ئێستا دۆزراوەتەوە پارچەیەک لە جەستەی مرۆڤە کە رەوانەی پزیشکی دادیان کردووە، هەفتەی داهاتوو پشکنینەکان دەریدەخەن، ئەوە بەشێکە لە جەستەی میشێل یان پەیوەندی بە یەکێک لە قوربانییەکانی هێرشەکەی ئێرانەوە هەیە.
فەلاح ئەنوەر، کۆنسوڵی فەخریی فلیپین لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "کەسوکاری میشێل لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی فلیپینەوە هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ سۆراخی تەرمی کچەکەیان، ئێمەش چاوەڕوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەنجامی گەڕان بەدوای تەرمەکە و رادەستکردنەوەی بە کەسوکاری."