داوا لە ليۆناردۆ ديكاپیرۆ دەکرێت بەهۆی ماسییەکی دەگمەن سەردانی باکووری کوردستان بکات

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لیۆناردۆ دیکاپریۆ، ئەکتەری نێوداری ئەمریکی باسی ماسیی "سازانی پڵینگی"ـی کرد، کە لە رووباری دیجلە لە باکووری کوردستان دۆزراوەتەوە، پەرلەمانتارێکی دێڤا پارتی لە شاری ئێلیهـ، دیکاپریۆی بانگهێشت کرد سەردانی شارەکە بکات.
 
محەممەد ئەمین ئەکمەن، جێگری سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی (دەڤا) و، پەرلەمانتاری ئەو حیزبەیە لە بازنەی پارێزگەی ئێلەهی باکووری کوردستان، رۆژی چوارشەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2024 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هەژماری ئینستاگرامی لیۆناردۆ دیکاپریۆی بڵاوکردەوە، کە لە ئینستاگرام 62 ملیۆن فۆڵووەری هەیە و وێنەی ئەو ماسییەی پۆست کردووە.
 
ئەکمەن لە پۆستێکدا نووسی "وەک ئەندامێکی پەرلەمانی تورکیا، زۆر پێمخۆشە بەشێوەیەکی تایبەتی بانگهێشتتان بکەم بۆ تورکیا. نازانم تائێستا گوێت لە باتمان بووە؟ نەوەک تەنیا پاڵەوانێکی سوپەر نییە؛ ئەمە زێدی منە و شوێنی دوو لە دەگمەنترین جۆرەکانی ماسییە. چی دەڵێیت، ئەگەر بتەوێت بێیت و لە شوێنی خۆی بیبینیت؟ ئەو کەسانەی ئەم بوونەوەرە ناوازانەیان دۆزیوەتەوە، بە خۆشحاڵیەوە لەگەڵتدا دەبن. دەڵێی چی بۆ سەرگەرمییەک لە خاکی ئادەم و ئیبراهیم لە میزۆپۆتامیا؟"
 
"ماسیی سازانی پڵینگی" یەکێکە لە 10 ماسییە دەگمەنەکانی جیهان، بەهۆی مەترسیی لەنێوچوونی خراوەتە لیستی سوورەوە. هەفتەی رابردوو لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیستەکانی زانکۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەو جۆرە ماسییە لە شارۆچکەی جزیری سەر بە پارێزگای شرنەخ ـی باکووری کوردستان لە رووباری دیجلەدا دۆزرایەوە. درێژی ماسییەکە 50 سانتیمەترە و کێشەکەی دوو کیلۆیە.