لە کۆیە کەرنەڤاڵی رۆژی ئاڵا بە بەشداریی چەندین پێکهاتەی جیاواز بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری کۆیە، بەبۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستان، کەرنەڤاڵێک بەڕێوەچوو. ئاڵا، سروودی نیشتمانی و گۆڕی گۆرانی شاعیریش ناونیشانی کەرنەڤاڵەکە بوون.
لە کەرنەڤاڵەکەدا پێکهاتە و خەڵکی دەڤەری جیاواز ئامادەبوون و ئاڵای کوردستان بەدەستی کوڕ و کچی شەهیدان بەرزکرایەوە.
کالۆلین سەرۆک، ئەندازیارە و لە شاری هەولێرەوە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە چووەتە کۆیە و دەڵێت، "وەکو کریستیانێک ئاڵای کوردستان بە ئاڵای خۆمان دەزانین و لەگەڵ هاوڕێ مسوڵمانەکەم بەیەکەوە هاتووین و زۆر خۆشحاڵین".
زەینەب شاهین، کارمەندی کەرتی تایبەتە و دەڵێت، "زۆر خۆشحاڵم و لەگەڵ هاوڕێ کریستیانەکەم لە شاری هەولێرەوە هاتووین بۆ ئەوەی یادی ئاڵای کوردستان بەرز راگڕین".
ئاڵای کوردستان لە ساڵی 1945 مانگێک پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بۆ یەکەمجار لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکرا.
دڵزاز بەکر ئاغای حەوێزی، یەکێکە لە پێشمەرگە دێرینەکان و باوکیشی لە کۆماری کوردستان ئەفسەر بووە، بەشداری لە فێستیڤاڵەکە کردووە.
دڵزار، دەڵێت، "سەربەرزییەکی گەورەیە بۆ من کە باوکم لەگەڵ پێشەوا قازی محەممەد و سەرکردەی هەردەم زیندوو،جەنابی مەلا مستەفا لە هەڵکردنی ئاڵا لە گۆڕەپانی چوارچرا لە مهاباد بەشداربووە".
دەزگای روانگە بە هاوئاهەنگی ئیدارەی کۆیە کەرنەڤاڵەکەیان بەرێوەبرد. بەهۆی بوونی گۆڕی دڵداری شاعیر، نووسەری (ئەی رەقیب) سروودی نیشتیمانی کوردستان، چاوەڕواندەکرێت، ساڵانە کۆیە ببێتە چەقی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان.
حەسەن شێخ عەلائەدین، بەرپرسی دەزگای روانگە لەبارەی هەڵبژاردنی شاری کۆیە دەڵێت، "هۆکاری هەڵبژاردنی ئێمە بۆ شاری کۆیە، جگە لەوەی کۆیە شارێکی دێرینی کوردە، لە هەمانکاتدا سرووشبەخشی بیر و فەلسەفەی کوردی بووە".
ساڵی 2009، پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 17-12ـی وەکو رۆژی ئاڵای کوردستان دیاریکرد کە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵا لە کۆماری مهاباد.