مێرمنداڵێکی نیڤشکان دوو رۆژە لە ورمێ بێسەروشوێنە
رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە مێرمنداڵێکی نیڤشکان لە ناحیەی سلیوانای شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێسەروشوێنە و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17-12-2024، هاونیشتمانییەک لە ناحیەی سلیوانای پارێزگای ورمێ بە رووداوی راگەیاند،"مێرمنداڵێکی نیڤشکان دوو رۆژە بێسەروشوێنە و گەڕان بە دوایدا بەردەوامە".
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، مێرمنداڵەکە ناوی ئەیاز کولکی-یە و تەمەنی 15 ساڵە، دوو رۆژە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
هاونیشتمانییەکە دەڵێت، ماڵباتەکەی و دوو تیمی فریا کەوتن لە بەرزاییەکانی سلیوانا بە دوای ئەیازدا دەگەڕێن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
حەمید مەحبووبی، بەرێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، "گەڕان بە دوای ئەیازدا بەردەوامە و دوو تیمی دیکەش بۆ دۆزینەوەی رەوانەی ناوچەکە دەکەین."
سلیوانا ناوچەیەکی شاخاوییە و دەکەوێتە رۆژئاوای شاری ورمێ.