لە چاکسازیی گەورانی هەولێر سەردانیکردن 'مواجهة' بۆ ماوەی 30 رۆژ رادەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی، لە ئەمڕۆوە تاوەکو 30 رۆژ سەردان (مواجهة) لە چاکسازی گەورانی هەولێر رادەگیرێت.
رۆژی یەکشەممە 17-12-2023، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەنێو شاری هەولێر ماوەیەکە پەتای وەرزی بڵاوبووەتەوە و چەند کەیسێک لەنێو چاکسازیش تۆمارکراون، کە ژمارەیەکی کەمن و بۆ خۆپارێزی و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی سەردانمان راگرتووە."
ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتیشی، "دوای بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی، تەندروستیمان ئاگادارکردەوە و ئەوانیش پێیان گوتین مانگێک سەردان رابگرن، بۆیە تەنیا لە چاکسازیی گەورانی هەولێر لە ئەمڕۆوە تاوەکو 30 رۆژی دیکە سەردان رادەگیرێت، چونکە ئەو چەند کەسەی لە چاکسازی تووشی پەتا بوون لە دەرەوە بۆیان گواستراوەتەوە."
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەو نووسراوەی بۆ چاکسازیی گەورانی هەولێرمان کردووە لەبارەی راگرتنی سەردان، ئاراستەی دهۆک و سلێمانیش کراوە، بەڵام لەوێ لەبەرئەوەی پەتاکە کەمترە، کردوومانەتە ئارەزوومەندانە."
بە گوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، ئەوە یەکەمجار نییە لە چاکسازی گەوران سەردان رادەگرن و دەڵێت، "ساڵی رابردوو هەر بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی، زیاتر لە مانگێک لە سلێمانی سەردانمان راگرت."
هەر ئەمڕۆ ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان نووسراوی ئاراستەی چاکسازیی گەورانی هەولێر کردووە و تێدا هاتووە، "پێتان رادەگەیێنین رێکاری پێویست بگرنەبەر بە مەبەستی راگرتنی و سەردانی سزادراوان بۆ ماوەی 30 رۆژ، بەمەستی پارێزی زیاتر و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی پەتای وەرزی و لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی پەتاکە پێویستە رێکاری پێویست بگرنەبەر."
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی لە نێو چاکسازییەکان نەخۆشن تەندروستییان جێگیرە و جیاکراونەتەوە و لەنێو چاکسازییەکان بنکەی تەندروستییان هەیە و لەوێ چارەسەر وەردەگرن.
تاوەکو 11ـی ئەم مانگە لە نێو هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 418 سزادراو هەبوون کە هەزار و 180 سزادراو بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر و 520ـیان بازرگان و 660ـیان بەکارهێنەرن.