گەنجێک لە شنۆ چەند کاژێرێک دوای ئازادبوونی گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

گەنجێک لە شنۆ دوای ئازادبوون لە ئیتڵاعات گیانی لەدەستدا و کەسوکاری دەڵێن، "ژەهرخوارکراوە". داواکاری گشتیی شنۆش رەتیدەکاتەوە.
 
کاژێر نزیکەی چواری بەرەبەیانی دوێنێ هەینی، 16-12-2022، گەنجێکی تەمەن 32 ساڵ بە ناوی بەهمەن مەعرووفی، لە نەخۆشخانەی شنۆ گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەهمەن مەعرووفی، رۆژی پێنجشەممە بانگکرابووە ئیتڵاعاتی شاری شنۆ و تاوەکو درەنگی شەو راگیرابوو و، دوای ئەوەی ئازاد دەکرێت، تەندروستیی تێکدەچێت و دەبردرێتە نەخۆشخانە. دوای چەند کاژێرێک مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
 
تەرمی بەهمەن مەعرووفی لە دادپزیشکی شنۆ توێکاری بۆ کراوە و جەڵتەی دڵ بە هۆکاری گیانلەدەستدانی داندراوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کەسانی نزیک لە بەهمەن مەعرووفییەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کەسوکاری "بە گومانن لە ئیتڵاعاتی شنۆ ژەهرخوارکرابێت و بەو هۆیە گیانی لەدەستداوە". ئەوان دەڵێن، بەهمەن مەعرووفی پێشینەی هیچ نەخۆشییەکی نەبووە.
 
ئەو هاونیشتمانییە لە دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانەوە چەند جارێک بانگکراوەتە ئیتڵاعاتی شنۆ و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
 
داواکاری گشتیی شنۆ ئەمڕۆ شەممە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەهمەن مەعرووفی، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکان نەبووە و ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی گیانلەدەستدانی بڵاوکراونەتەوە راست نین.
 
بەهمەن مەعرووفی خێزاندار و باوکی کچ و کوڕێکی خوار حەوت ساڵان بوو. شەوی رابردوو تەرمەکەی لە گۆڕستانی سوڵتان مستەفای شنۆ بە خاک سپێردرا.