پارتی و گۆڕان لەبارەی رێککەوتنی نێوانیان و پرۆژەیاسای چاکسازی گفتوگۆ دەکەن
رووداو - هەولێر
شاندێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان كۆدەبێتەوە، ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەڵێت "بەدواداچوون بۆ ئەوە دەكەین بزانین رێككەوتنی نێوانمان لە پرسەكانی پێكهێنانی حكومەت و چاكسازی چەندی جێبەجێكراوە".
دەرباز محەممەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندێكی حیزبەكەی ئەمڕۆ سێشەممە 17-12-2019 لە هەولێر لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆدەبێتەوە و گوتی "ئامانج لە كۆبوونەوەكە بەدواداچوونە بۆ پرسەكانی چاكسازی و رێككەوتنی گۆڕان و پارتی لەسەر پێكهێنانی حكومەت، تاوەكو بزانین چەندی لێ جێبەجێكراوە".
ئەندامەكەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەش كرد، كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ پارتی لە ئاستێكی باڵادایە، شاندەكەی ئەوان پێكهاتووە لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن جگە لە رێكخەری گشتیی گۆڕان، شاندی پارتیش لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی دەبێت و گوتیشی "لەو كۆبوونەوەیەدا باس لەو پۆستانەش دەكرێت كە تاوەكو ئێستا نەدراونەتە بزووتنەوەی گۆڕان".
پێشتر شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، لەگەڵ پارتی گرفتی پۆستەكانیان نییە، چونكە پشكی ئەوان لە پۆستەكانی حكومەت 12%یە كە بەشی هەرە زۆری ئەو پۆستانە كە دەكات 8% لای یەكێتی ماونەتەوە و گوتیشی "بۆیە داوای كۆبوونەوەی سێ قۆڵیمان كردووە و یەكێتیش لەوبارەیەوە لاریی نییە، بەڵام لەبەر سەرقاڵبوونی بە كۆنگرە دەرفەتی ئەو كۆبوونەوەیە نەڕەخساوە".
سەرباری تێپەڕینی زیاتر لە 100 رۆژ بەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، بەڵام هێشتا پۆستەكانی راوێژكار و بریكاری وەزارەتەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەکانی حكومەت یەكلایی نەكراونەتەوە.