لە گەرمیان وەرزی چاندنی گەنمە؛ کشتوکاڵی ناوچەکەش بنەتۆو بە هەرزانتر دابەشدەکات

رووداو دیجیتاڵ 

لە گەرمیان وەرزی چاندنی گەنم دەستیپێکردووە بە ئومێدی ئەوەی وەکو ساڵی رابردوو رێژەی بارانبارین باش بێت، جووتیارانیش داوا دەکەن کاتی دوورینەوەی گەنمەکە حکومەت پاڵپشتییان بکات و کشتوکاڵی گەرمیانیش دەڵێت، "بەراورد بە ساڵی رابردوو بنەتۆوی گەنم هەرزانتر دابەشدەکەین."
 
چیا عومەر جووتیارێکە لە گەرمیان، ساڵانە لەگەڵ باوکییدا 70 تۆن گەنم دەچێنێت، دوو تراکتۆری بۆ کێڵانی زەوییەکەی هێناوە و ئامادەکاریی دەکات، ساڵی رابردوو رێژەی بارانبارین باش بوو، ئەو جووتیارە ئەم ساڵیش بەو ئومێدەوە لەسەر رووبەری 1400 دۆنم زەوی گەنم دەچێنێت.
 
چیا عومەر دەڵێت، "ئێمە وەک جووتیارانی گەرمیان ساڵانە کشتوکاڵ بۆ خۆمان دەکەین، وەک ئەو خەڵکە ئیدی دەیدەینە دەست خوا بەس هیوادارین لە کۆتاییدا کاتێک ئەیدوورینەوە سایلۆکان لێمان وەربگرن و حکومەت پاڵپشتیمان بکات."
 
زۆرینەی جووتیارانی گەرمیان لە گەنمی ساڵی رابردوو بنەتۆویان هەڵگرتووە بۆ ئەم ساڵ، نرخەکەشی ساڵی رابردوو لە کشتوکاڵی گەرمیان 1 تۆن 800 هەزار دینار دابەشکرا، ئەم ساڵ 1 تۆن 660 هەزار دینار دابەش دەکرێت.
 
ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵی رابردوو لەگەڵ کۆمپانیای تایبەتدا توانیمان بڕی هەزار و 254 تۆن گەنمی بنەتۆوی باوەڕپێکراو دابەش بکەین بەسەر نزیکەی 870 جووتیاری ناوچەکە بە نرخی 800 هەزار دینار دابەشبکەین و ئەم ساڵیش بڕیاردرا ئەوبنەتۆوەی کە لە بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی گەرمیان بەرهەم هێنراوە کە 180 تۆن رەگەزی گەنمەکە باوەڕپێکراوە تۆنی 660 هەزار دینار دابەش بکرێت." 
 
چەند جۆرێکی گەنمی بنەتۆو لە گەرمیان هەن، نرخیان بەم جۆرەیە، ئەدەنەی تورکی 650 هەزار دینار، فەرەنسی سەرمۆر  سێ ملیۆن 500 هەزار دینار؛ فەرەنسی دەستی دوو 900 هەزار  دینار؛ برۆ ئیتاڵی دوو ملیۆن 600 هەزار دینار؛ برۆ ئیتاڵی دەستی دوو 600 هەزار دینار.