لە حەوت پارێزگای باکووری کوردستان بەفر باری
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی باران و سەرما و سۆڵە پارێزگاکانی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، لە پارێزگاکانی قەرس، ئەرزەڕۆم و ئەردەخان، وان، ئاگری مووش و بەدلیس بەفرباری.
لە باکووری کوردستان پلەی گەرما دابەزیوە و کەشوهەوا بە تەواوی ساردبووە. دوای بارانێکی زۆر، شەوی پێنجشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2023 لە بەرزاییەکانی پارێزگاکانی قەرس، ئەرزەڕۆم و ئەردەخان بەفر باری.
بەفر بەرزاییەکانی پارێزگای قەرسی سپیپۆشکرد، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما، شەقامەکان بەستیان. بەشێک لە هاووڵاتیان بە بەتانی ئۆتۆمبێلەکانیان داپۆشی.
لە پارێزگای ئەردەخان لە دوێنێوە بارانێکی زۆر دەبارێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 17ـی تشرینی دووەم لە بەرزاییەکانی سنووری ئەو پارێزگایەدا بەفربارین دەستیپێکرد.
لە پارێزگای ئەرزەڕۆمیش چیا و شوێنە بەرزەکانی دەوروبەری شار بەبەفر داپۆشراوە.
لە ئەرزرۆم و قەرس و ئەردەخان پلەی گەرما لە شەودا بۆ 4-6 پلەی ژێر سفری سەدی دادەبەزێت.
لە پارێزگای وان کە ماوەی دوو رۆژە بارانی بەخوڕ دەباری، درەنگی شەوی رابردوو لە بەرزاییەکانی دەوروبەری شارەکە بەفر باری.
لەسەر رێگەی وان-میکس تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان دەستیانکرد بە لابردنی بەفر لەسەر رێگەکە.
بەشێک لە شۆفێران لە دەروازەی گوزەلدەر لەسەر رێگەی وان-جۆلەمێرگ کە دوو هەزار و 730 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، بەهۆی بەفربارینەوە گیریان خوارد.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان دەستیان بە لابردنی بەفر لەسەر رێگە سەرەکییەکانی وان- قەلقەلیا و وان-بەدلیس کرد.
لە پارێزگای مووش شەوی رابردوو دوای بارانێکی بەخوڕ، بەیانی ئەمڕۆ تەمومژێکی ناوەندی شاری مووشی داپۆشی. لە بەرزاییەکانی دەوروبەری شار بەفر باری.
لە پارێزگای بەدلیس دۆخەکە هاوشێوە بوو، شەوی رابردوو کەشوهەوا ناسەقامگیر بوو، تیمەکانی رێگەوبان دەستیانکرد بە راماڵینی بەفر لەسەر رێگەی مەلازگر-خەڵات کرد.