لە رووداوێكی هاتووچۆدا لە دیلۆک کەسێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دیلۆک ـی باکووری کوردستان لە رووداوێكی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە رۆژی هەینی 17ـی تشرینی دووەمی 2023 لە رێگەی دەرەوەی شاری دیلۆک لە چواڕیانی کیلیس-ئیبراهیملی روویدا. سێ ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و لە ئەنجامدا یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان ئاگری گرت.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمی تەندروستی و بەرگریی شارستانی و هێزی ئەمنی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە ئەنجامی رووداوەکەدا، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی ئاگری گرت ژنێک بوو گیانی لەدەستدا و، لە دوو ئۆتۆمبێلەکەی دیکەشدا شەش کەس برینداربوون.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی تورکیا کە رۆژی پێنجشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، لە 10 مانگی ئەم ساڵدا 461 هەزار و 10 رووداوی هاتووچۆ لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا روویانداوە.
لە ئەنجامدا دوو هەزار و 525 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەوانە 272 کەس دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 300 هەزار و 281 کەس بریندار بوونە.