کۆمیسیۆنی عێراق: زیاتر لە 104 هەزار لەدایکبووی 2006 تۆماری دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 104 هەزار و 288 لەدایکبووی ساڵی 2006 بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان تۆماری دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە و 20ـی ئەم مانگە دوایین مۆڵەتە بۆ نوێکردنەوەی تۆمارەکانیان.
رۆژی سێشەممە 17-10-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەولێر 39 هەزار و 151، سلێمانی 36 هەزار و 349 و دهۆک 28 هەزار و 788 لەدایکبووی 2006 تۆماری دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە کە بە کۆی گشتی 104 هەزار و 288 کەس دەکات.
لە 10ـی تشرینی یەکەمی 2023 نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی لەدایکبووانی 2006 راگەیێندرا و ماوەی 10 رۆژ دیاریکرا. عیماد جەمیل دەڵێت، "20ـی ئەم مانگە دوا مۆڵەتە بۆ ئەوەی تۆمارەکانیان نوێ بکەنەوە و بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکەن و وادەکە درێژناکرێتەوە."
رۆژی یەکشەممە، 08-10-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، لە دایکبووانی 2006 دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن کە لە 25ـی شوباتی 2024 بەڕێوەدەچێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران رەزامەندی دەربڕیوە بۆ کردنەوەی دەرگەی خۆتۆمارکردن بۆ لەدایکبووانی 2006 ئەوەش بۆ دەستەبەرکردنی مافی لەدایکبووانی نوێ.
بڕیاربوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 01-10-2022، بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی شێوازی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن نەتوانرا لەو رۆژەدا بکرێت.
دواتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد و بڕیارە بۆ یەکەمجار لەلایەن کۆمیسیۆنی عێراقەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.