کشتوکاڵی ورمێ: 35%ی پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە خەرج نەکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کشتوکاڵی ورمێ رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 670 هەزار تۆن گەنم لەلایەن جووتیارانی پارێزگاکەوە رادەستی ناوەندە حکومییەکان کراوە؛ تائێستاش نزیکەی 65%ی پارەی گەنمی جووتیاران خەرجکراوە.
 
خەسرەو شەهبازی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ورمێ ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم لە پارێزگای ورمێ گەیشتووەتەوە نزیکەی یەک ملیۆن تۆن و تاوەکو ئێستاش نزیکەی 670 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە.
 
بە گوتەی خەسرەو شەهبازی، وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە کەمیکردووە، بەڵام هێشتا بەردەوامە؛ بۆ ئەو مەبەستەش 72 ناوەندی وەرگرتن و کڕینی گەنم لە پارێزگای ورمێ چالاکن.
 
حکومەت ساڵی رابردوو 683 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی پارێزگای ورمێ کڕیبوو.
 
سەبارەت بە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانیش، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ورمێ گوتی، لە 11 تریلیۆن و 725 ملیار تمەن پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە نزیکەی 7 تریلیۆن و 719 ملیار تمەنی خەرجکراوه کە دەکاتە زیاتر لە 60٪ی پارەکەیان و بڕەکەی دیکەش لە ماوەیەکی نزیکدا خەرج دەکرێت.
 
ئەم ساڵ لە رووبەری 408 هەزار هێکتار زەویی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان گەنم چێنراوە کە 105 هەزار هێکتاری زەویی بەراو و 303 هەزار هێکتاریشی دێمە.
 
حکومەتی ئێران بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنم بە 17 هەزار و 500 تمەن (30 سەنت) لە جووتیاران دەکڕێتەوە. بۆ ساڵی داهاتووش بریاریداوە، یەک کیلۆ گەنم بە 20 هەزار و 500 تمەن لە جووتیاران بکرێت.