بەشێکی راپۆرتی دادپزیشکی لەبارەی کوژرانی نارین گوران بڵاودەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی ئەنجامی دوایین پشکنینەکان، نارین گورانی تەمەن 8 ساڵ لەنێو ئۆتۆمبیلەکەی سالم گورانی مامیدا بووە و لیکی دەمی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا دۆزراوەتەوە.
کوژرانی نارین گوران لە ئامەد بووەتە رۆژەڤی باکووری کوردستان و تورکیا.
نارینی تەمەن 8 ساڵ کە دانیشتووی گوندی چولێی ئامەد بوو، رۆژی 21-8-2024 بێسەروشوێن بوو؛ رۆژی 8-9-2024 لە ئامەد تەرمەکەی لە گوێنییەکدا دۆزرایەوە.
بڕیارە رۆژی 23-9-2024 راپۆرتی دادپزیشکیی تایبەت بە کوژرانی نارین گوران بڵاوبکرێتەوە و چاوەڕێ دەکرێت پەردە لەسەر زۆر شت لابدات.
رۆژی سێشەممە 17-9-2024 بەشێک لەو راپۆرتە لە میدیای تورکیادا بڵاوکرایەوە و تێیدا باس لە بوونی لیکی نارین لە سەر سووکان و کوشنی پێشەوەی ئۆتۆمبێلی سالم گوران، مامی نارین دەکات.
هەر بەگوێرەی ئەو بەشەی راپۆرتەکە، نارین بە دەست خنکێندراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە یوکسەل گورانی تەمەن 44 ساڵی دایکی نارین، ئەنەس گورانی تەمەن 18 ساڵی برای نارین، فوئاد گورانی تەمەن 41 ساڵی مامی نارین، دوو ئامۆزای ئەو کچە بە ناوەکانی محەممەد کایا و بیرسەن گوران، هەروەها ئامۆژنی نارین و چەندین کەسی دیکە بە بڕیاری داواکاری گشتیی ئامەد دەستبەسەرن.
نەوزاد بەختیار، یەکێک لە دانپێدانەرانی دۆسیەکەیە و دەڵێت، "تەرمەکەم لە سالم وەرگرت و فڕێم دایە نێو رووبار".
نەوزاد بەختیار هەروەها دەڵێت، "نارین، سالم گوران و ژنێک لەکاتی ژواندا بە شێوازێکی ناڕێک دەبینێت و بەو پەیوەندییە دەزانێت. نارین لەلایەن دایکی یان ئامۆژنییەوە کوژراوە".
نەوزاد بەختیار گوتی، بەرامبەر بێسەروشوێنکردنی تەرمی نارین، سالم گوران بڕی 200 هەزار لیرەی پێداوە کە دەکاتە نزیکەی 5 هەزار و 800 دۆلار.