ڤێتێرنەریی سلێمانی: ئاماری مرداربوونی مریشک لە پەلەوەرخانەکان بەو شێوەیە نییە کە بڵاودەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

کارگێڕی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئەی بی، نیوکاسڵ و گومبۆرۆ، ملیۆنان مریشک لە سنووری پارێزگای سلێمانی مرداربوونەتەوە. بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی سلێمانیش دەڵێت، ئامارەکان بەو شێوەیە نین کە بڵاودەکرێنەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 17-08-2023، هاوڕێ عەلی، کارگێڕی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ملیۆنان مریشک بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئای بی، نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ لە پەلەوەرخانەکان مرداربوونەتەوە، تەنیا لە سنووری چەمچەماڵ تاوەکو ئەمڕۆ 300 هەزار مریشک مرداربوونەتەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ڤایرۆسەکە بەردەوامە، ئەمڕۆ لە هۆڵێکە و سبەی لە هۆڵیکی دیکە بۆیە ئامارەکانیش بەردەوام دەگۆڕدرێن."

د. ئاری سەلاحەدین، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری سلێمانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئای بی، نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ بە رووداوی گوت، "ئەو نەخۆشییانە لە عێراق، کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان ماوەی زیاتر لە 50 ساڵە هەن، ئەگەر بمانەوێت بزانین ئەوەی بڵاوبووەتەوە جۆرێکی دیکەی ئەو نەخۆشییانەیە ئەوە پێویستە پشکنینی تاقیگەیی بە ئامێری پێشکەوتوو بکرێت دواتر نموونەکان بنێدرێنە تاقیگەیەکی دیکە لە دەرەوەی عێراق کە جەختلەوە بکاتەوە جۆرێکی نوێیە."

رۆژانە لەبارەی مرداربوونەوەی مریشک لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی نەخۆشی ئای بی نیوکاسڵ گەمبۆرۆ ئاماری جۆراوجۆر بڵاودەکرێتەوە. لەوبارەوە بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری سلێمانی دەڵێت: "بەرپرس نین لە بڵاوکردنەوەی هیچ ئامارێک، چونکە ئێمە نازانین چەند جوجک داخڵی هۆڵەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانین چەندی مردار دەبێتەوە، رەنگە لە پەلەوەرخانەیەک 80٪ـی مریشکەکان مردارببن، بەڵام لە یەکێکی دیکە رەنگە 5٪ـی مردارنەبێ، ئەوە نەخۆشییە شتێک نییە یەک رێژە بەسەر هەمووی جێبەجێ بکرێت."

بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا خاوەنی هیچ پەلەوەرخانەیەک سەردانی نەکردن و ئاماژەی بەوەکردبێت کێشەی بڵاوبوونەوەی نیوکاسڵیان هەیە، "ئێمە بەڕێوەبەرایەتییەکین تاقیگەمان هەیە، هەموو ئەو ئامێرە پێشکەوتووانەی ئێستا لە جیهان هەیە لای ئێمەش هەیە، تائێستا پەلەوەرخانەیەک نەهاتووە بڵێت من کێشەی نیوکاسڵم هەیە بۆ نایەن ئێمە بۆچی دانیشتووین؟"

بەڵام بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی دەڵێت، "سەردانی ڤێتێرنەریمان نەکردووە چونکە ئەوان لە ژیانیاندا نەیانتوانیوە شتێک بکەن، تاقیگەیان هەیە پشکنین دەکەن و دەڵێن ڤایرۆسی نیوکاسڵت هەیە، بەڵام چارەسەرەکەیان نییە ئێمە پشکنینەکەمان ناوێت، خۆمان لە پەلەوەرخانەکان بەوە دەزانین کە مریشکێک تووشی نیو کاسڵ بێت."

هاوڕێ عەلی دەشڵێت، "هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ لەنێوبردنی پەلەوەری کوردستان، چەند هاوارمان کرد رێگەکان دامەخەن عێراق پێویستی بە بەرهەمی ئێمەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی رێگەکەیان داخست عێراق دەستی بە پڕۆژەی تایبەتی خۆی کرد کە دامەزراندنی کۆمپانیای ئیتیحادە کە گەورەترین پڕۆژەیە، ئێستا لەهەرێمی کوردستانیش هەوڵ دەدرێت ئەو کەرتە بدرێتە دەستی چەند کۆمپانیایەک." 

بۆ زیادبوون و کەمبوونەوەی ئەو ئاماری مرداربوونی مریشک بە گوتەی د. ئاری سەلاحەدین چەند فاکتەرێک هەیە کە ئەمانەن:

- تەندروستیی مریشکەکان، ئایا توانای بەرگرییان نزمە یان بەرزە، چونکە کە بەرگری لاواز بوو بچووکترین ڤایرۆس کاریگەری لەسەر دەبێت.

- جۆری ڤایرۆسەکە، لەوانەیە ڤایرۆس هەبێت زۆر لاواز بێت، بەپێچەوانەوە لەوانەیە ڤایرۆس هەبێت زۆر تووند بێت ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەوەی ئایا ژمارەی مرداربوونی مریشکەکان لە هۆڵەکان نزم دەبێت یان بەرز.

- بەکارهێنانی ڤاکسین، ئەوانەی بەکاردەهێندرێت ئەوە پێش بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیە، ئێمە لە هەموو پەلەوەرخانەکاندا بەرنامەی ڤاکسینکردنمان هەیە، بەڵام چۆنییەتی بەکارهێنانی ڤاکسینکردنە کێن ئەوانەی بۆ مریشکەکانی بەکاردەهێنن، ئەوانە هەمووی شتی زانستین چونکە دەکرێت لەرێگەی باش بەکارنەهێنانی ڤاکسینەوە پەلەوەرەکە سوودی لێ نەبینێت.

بەگوتەی بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری سلێمانی، ئەوان بەدواداچوونیان بۆ هەموو پڕۆژەیەک هەیە پێش ئەوەی مریشکەکانی بکرێتە بازارەوە چونکە دەچێتە هۆبەی ڤێتێرنەری، پزیشک پشکنین بۆ مریشکەکان دەکات ئەگەر تەندروستی باش نەبێت نووسراوی بۆ ناکات بۆ فرۆشتن.

لە کۆتاییەکانی مانگی ئادارەوە، سێ ڤایرۆس لە نێو پەلەوەرخانەکانی سلێمانی بە ناوی ئای بی، نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ بڵاوبووەتەوە، کە بەهۆیەوە بەشێک لە پەلەوەرخانەکان دەڵێن، مریشکێکی زۆریان لێ مردار بووە.