لیژنەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پارەی 18 ساڵی کۆبۆنی خۆراک پێکدەهێندرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەبارەی گەڕاندنەوەی پارەی 18 ساڵی فرۆشتنی یەکەکانی کۆبوونی خۆراک بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت، بڕیارە لیژنەیەک پێکبهێندرێت ئەگەر بە بەڵگەوە سەڵمێندرا کە ئەوان قەرزداری عێراقن، پارەکە دەگەڕێننەوە.
 
لە مانگی حوزەیرانی 2022، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی خۆراکی عێراق لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر هەریەک لە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان و نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ئەو وەزارەتە تۆمارکرد. سکاڵاکە بەهۆی نەگەڕاندنەوەی پارەی فرۆشتنی یەکەکانی کۆبۆنی خۆراکە لە ماوەی 01-01-2004 تاوەکو 30-09-2021. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 17-08-2023 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو جارێک دادگە مانگێک دوای دەخات، دواینجار 2ـی ئەم مانگە دانیشتنی دادگە بوو، بەڵام بۆ 2ـی ئەیلوول  دوایخست، چونکە بڕیار دراوە لیژنەیەکی مەقاسە لەلایەن هەردوو حکومەتەوە پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی ئەو پارەیە یەکلابکرێتەوە کە ئەوان چەند داوا دەکەن و ئێمە چەندمان خەرجکردووە و ئەوانیش چەند قەرزداری ئێمەن."
 
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، بەغدا دەڵێت، ئەو پارەیە شایستەی دارایی ئەوانە و دەبووایە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بەڵام ئەوە بەرپرسەی وەزارەتی بارزگانیی عێراق دەڵێت: "ئەو پارەیە بە بڕیاری وەزارەتی دارایی و بازرگانی هەرێمی کوردستان بۆ کرێی گواستنەوەی ئەو خۆراک و چاککردنەوە و پاداشتی فەرمانبەران خەرجکراوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە دووری دەزانێت، سکاڵاکە لە دادگای فیدراڵیی عێراق لە دژی ئەوان یەکلاببێتەوە و دەڵێت، "ئێمە زەرەرمەند نابین، چونکە ئەو پارەی کە خەرجمانکردووە لە وەزارەتی دارایی بە هەموو وردەکارییەکانییەوە دیارە بۆچی خەرجکراوە، ئەو ساڵانەی بەغدا داوای پارەکەی دەکات بەخۆیان پارە و بودجەی هەرێمی کوردستانیان بڕیبوو، بۆیە نەدەکرا پڕۆسەی دابەشکردن رابگرین و ئەو پارەمان بەو مەبەستە بەکارهێناوە."
 
لە دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 27ـی تشرینی یەکەمی 2022ـەوە پارەی فرۆشتنی یەکەکانی کۆبۆنی خۆراک دەگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا.
 
نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت: "بڕیارە ئەو لیژنەیەی پێکدەهێندرێت وردبینی بکات بۆ ئەوەی بزانین کێ قەرزدارە. بزانین ئەوکات بەغدا چەند پارەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، ئێمە چەندمان خەرجکردووە لەو پارەی بۆ ئەوانمان نەگەڕاندووەتەوە، ئەو کاتە هەر وەرزارەتێک قەرزداربوو پارەکە دەگەڕێنێتەوە."