هەورامان گەچێنەیی: بەناوی پارتییەوە هەڕەشەمان لێدەكرێت

رووداو- هەولێر

پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند،‌ لەسەر هەڵوێستەكانی ئەم دوایەیان، كە پشتگیری كردنە لە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە مۆبایل بەناوی پارتییەوە هەڕەشیان لێدەكرێت. 


گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتیش دەڵێت‌ "ئەگەر بەڵگەیان لایە با سكاڵا تۆمار بكەن".

هەورامان گەچێنەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ئاماژە بەوە دەكات، لەسەر هەڵوێستەكانی ئەم دواییەیان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بە چەندین ژمارەی جیاواز بەتەلەفۆن هەڕەشەی جۆراوجۆریان لێدەكرێت.

سەبارەت بە هەڕەشەکان هەورامان گەچێنەیی دەڵێت "هەڕەشەكان بەناوی پارتییەوە دەكرێت، بۆ نمونە دەڵێن، ئەگەر واز لەدژایەتی پارتی نەهێنی دەتكوژین. چەندین قسەی دیكەش كە بۆ گوتن ناشێ‌، ئەو هەڕەشانە لە چەندین پەرلەمانتاری دیكەش كراوە، بە هەمان ژمارە مۆبایل، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە ئەوە شتێكی رێكخراوە نەك هەڕەمەكی یان بگوترێ‌ منداڵێك كردوویەتی". 

لە وەڵامی ئەوەی بۆ لەلای دەزگا ئەمنییەكان سكاڵا تۆمار ناكەن گەچێنەیی گوتی "دەزانین هیچ ئەنجامێكی نابێت بۆیە تاوەکو ئێستا سكاڵامان تۆمار نەكردووە".

محەممەد عەلی یاسین، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) گوتی "قبوڵی ناكەین، بەبێ‌ بەڵگە پارتەكەمان تۆمەتبار بكرێت بەوەی هەڕەشە دەكات، ئەگەر ئەو پەرلەمانتارانە بەڵگەیان لایە با بچن سكاڵا تۆمار بكەن‌و پشتگیریشیان دەكەین، بەڵام بەبێ‌ بەڵگە قبوڵ ناكەین پارتی تۆمەتبار بكرێت".

لەدوای 23-ی حوزەیران کە تێیدا 4 لایەنی یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ بەبێ پارتی خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ پرۆژەیاساکانی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرد، پەرلەمانتارانی ئەو 4 فراکسیۆنە بەردەوام باس لەوە دەکەن کە هەڕەشەیان لێدەکرێت.

لەسەر هەموار كردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پارتە سیاسیەكانی باشووری كوردستان دوو بۆچونی جیاوازیان هەیە و دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، تا ئێستاش نەیانتوانیوە بگەنە سازان و رێککەوتن.