وەزیری کشتوکاڵ: کەوتووینەتە نێو مەترسیی کەمیی ئاو
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵیت، هەرێمی کوردستان، عێراق و گشت وڵاتان، کەوتوونەتە نێو مەترسیی کەمیی ئاو؛ ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت بۆ پاراستنی ئاو، جووتیاران بە سیستمە نوێیەکانی کشتوکاڵی ئاشنا بکرێن.
ئەمڕۆ (دووشەممە 17-07-2023)، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە ئیڤێنتێکدا لە هەولێر کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی گرفتی کەمیی ئاو و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، رایگەیاند "گرفتی کەمیی ئاو گشت وڵاتانی گرتووەتەوە و زۆرجار ئەم قەیرانە بە ئاراستەی قەیرانی سیاسیی نێوان وڵاتاندا گۆڕدراوە، بە شێوەیەک کەمکردنەوە، یان بڕینی ئاو لەسەر یەکدی، بووەتە فاکتەری لێکترازانی سیاسی''.
وەک بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، پێویستە بۆ پاراستنی ئاو و زیادکردنی رووبەری سەوزایی، کەڵک لە تەکنەلۆجیا و سیستمی نوێی کشتوکاڵی وەربگیرێت؛ گوتیشی، سیستمی نوێی کشتوکاڵ لە جیهان، جگە لەوەی دەبێتە هۆی گلدانەوەی ئاو، دەبێتە هۆی پارێزگاریکردن لەو رووەکەی دەچێندرێت، ''چونکە پارێزگاریکردن لە رووەک، لە تەمەنی سەرەتا تاوەکو ئەو کاتەی دەبێتە نەمامێکی گەورە، بەردەوام دەبێت و لەهەمان کاتیشدا ئاوی بە شێوەی دڵۆپەیی پێدەدات کە ئەوەش دەبێتە هۆکاری رۆچوونی ریشەکەی لە زەویدا و دواتر دەتوانێت خۆی ئاو پەیدا بکات''.
هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا تووشی گرفتی کەمیی ئاو هاتوون. وەک وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەیدا، ''رۆژانە دەبینین سەرچاوە ئاوییەکانمان لێ دەگیرێنەوە و لە هەمان کاتیشدا بەداخەوە بەشێک لە کانی و کارێزەکانی نێو وڵاتی خۆشمان بەبۆنەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە رووبەڕووی وشکبوون دەبنەوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی دروستکردووە لەسەر چۆڵبوونی بەشێکی گوندەکان و کاری جووتیاران''.
هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق لەڕووی سەرچاوەکانی ئاوییەوە دەوڵەمەندترە، وەک بێگەرد تاڵەبانی دەڵێ "لەسەر ئەم سەرچاوانە ژمارەیەک پۆند، بەنداوی بچووک و گەورە دروست کراون، یان دروست دەکرێن و هەوڵدراوە بە هێنانی تەکنەلۆژیای نوێ، جووتیاران لەگەڵ چۆنیەتیی ئیدارەدانی ئاو ئاشنا بکرێن''.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، بۆ کشتوکاڵکردن، پێویستە جووتیاران لە سیستمی کۆن دەربچن و لەگەڵ سیستمی نوێ کە ئێستا لە هەموو وڵاتان کاری پێدەکرێت، ئاشنا بن سیتەمی نوێش خۆی دەبینێتەوە لەوەی "بە بەکارهێنانی کەمترین رووبەری زەویی کشتوکاڵی، کەمترین بڕی ئاو، زۆرترین بەرهەمی کشتوکاڵی دەنێردرێتە نێو بازاڕەکان بۆ ئەوەی پێداویستیی خەڵک پڕبکاتەوە".
لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداو هەن، کە گەورەترینیان بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخانن؛ بەگوتەی بێگەرد تاڵەبانی جگە لە بەنداوەکانیش نزیکەی 45 پۆند لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە قۆناخی دروستکردندان و بەپێی بەرنامەی کاری حکومەت، لە داهاتوودا ژمارەیان دەگاتە سەرووی 100 پۆند.