بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دواخران
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دواخراون، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "هیچ کێشەیەکی ئەمنی و ئیداری لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی نییە و هیچ هێزێکی ئەمنیش جووڵەی پێنەکراوە بۆ ئەو دوو فڕۆکەخانەیە."
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بۆ چەند کاژێرێک گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستانیان راگرتووە، بەڵام هۆکارەکەیان روون نەکردووەتەوە. هەروەها دەشڵێت، "کاتی کردنەوەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە رووی گەشتەئاسمانییەکاندا دیارینەکراوە."
لەسەر ئەو بابەتە، کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییکردن لە پەرلەمانی عێراق قسەی لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق و سەرۆکی دەستەی گەشتەوانی ئاسمانیی عێراق کردووە.
هۆکاری راگرتنەکە، وەک کاروان یاروەیس دەڵێت، "نادڵنیایی بووە لە سەلامەتی ئاسمانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی بوونی فرۆکەی بێفرۆکەوان و درۆن. لە ماوەیەکی نزیکدا ئەمشەو گەشتەکان ئاسایی دەبنەوە."