لە گەرمیان رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئاسایش و گرووپێک دروست دەبێت و ئەندامێکی گرووپەکە دەکوژرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەرمیان رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و گرووپێک دروست دەبێت کە "جلی رەش لەبەر دەکەن و بە چەکەوە دەردەکەون"، بەهۆیەوە ئەندامێکی گرووپەکە گیان لەدەستدەدات؛ دوو ئەندامی گرووپەکە و ئاسایشێکیش بریندار دەبن.
رووبەڕووبوونەوەکە لە دوای کاژێر 04:00ـی ئێوارە بووە. دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەو گرووپە ناویان لەخۆیان نابوو "فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان" و ئەندامەکانیان دەستگیرکران.
ئەو گرووپە، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بوونەتە هۆی پشێوی و نائارامی لە ناوچەکە و هەستاون بە خۆنمایشکردن و وەرگرتنی سەرانە و هەڕەشەکردن و تەقەکردن و تۆقاندنی هاووڵاتییان."
تۆمەتبارەکان بەگوێرەی مادەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون و دەزگای ئاسایش دەڵێت، رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.