پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە بێ تاپۆکانی کەرکووک دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خراپی و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە، بەشێک لە شەقامەکانی گەڕەکی کوردستان داخراون، خەڵک لەوێ هەراسانن بەدەست ئەو دۆخەوە
چاویان لەوەیە لە بودجەی ئەمساڵ بڕێک بودجەیان بۆ تەرخان بکرێ و رزگارییان بێت لەو دۆخە.
خورشید رەشید، دانیشتووی گەڕەکی کوردستانە و دەڵێت، "ئەوەتا رێگە نییە بڕۆی هەمووی قوڕاوە، رێگەکان داخراون، تاکسی کەم دێت بۆ ئەم گەڕەکە."
محەممەد قادر وەک نوێنەری ئەو گەڕەکە ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی رازیکردنی دام و دەزگاکانی حکومەتە تاوەکو ئاوڕێکیان لێبدەنەوە
ئەو دەڵێ "بەڵێنی جێبەجێکردنی پرۆژەیان پێدراوە، بەڵام ئەوان دەخوازن پرۆژەکە تەنیا قیرتاوکردنی شەقامەکان نەبێ ئەگەر چارەسەری کێشەی ئاوەڕۆش نەکەن."
محەممەد قادر، نوێنەری گەڕەکی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چارەسەرێکی بنەڕەتی بدۆزرێتەوە بۆئەوەی ئەم شەقامانە چاککرا تێک نەچنەوە، هەر حیسابی گوندێکی حەویجەمان بۆ بکەن یەک ملیار دینار بڕە پارەیەک نییە خەڵک دڵی پێی خۆشبێت."
شارەوانیی کەرکووک کە بەڕێوەبەرەکەی کوردە ئەو پرۆژانە جێبەجێدەکەن، ئەو بە رووداوی گوت، "بۆئەوەی گەڕەکەکان لەو دۆخە خراپە رزگاربکەین، ناچارین لە بەشی گەڕەکەکانی دیکەیان بۆ دابین بکەین."
فەرەیدون عادل وەیس، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک رایگەیاند، "کێشەکە ئەوەیە ئەم پارەیەی ئەمساڵ کەمە، ئێمە بە هەمووی ئەمساڵ 37 بۆ 38 ملیار دینارمان بۆ تەرخانکراوە، 10 بۆ 12 ملیاری بۆ پرۆژەکانی پێشترە، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆش ئەو پارەیەی نییە کە هەمووی تەواو بکات، بەڵام ئەو شوێنانەی پێویست بێت دەیکەین."
بودجەی ئەمساڵی پارێزگای کەرکووک 284 ملیار دینارە 50%ـی بودجەکە بۆ پرۆژە بەردەوامەکان تەرخان دەکرێت. لەوەی دەمێنێتەوە دابەشکراوەتە سەر گەڕەک و ناوچە جیاوازەکان و بڕێکی کەمیش کە دابینکراوە بۆ کەرتی شارەوانی ئیدارەی کەرکووک رازی بوونە چەند پرۆژەیەکی سەرەکی بۆ گەڕەکە بێ تاپۆکان جێبەجێ بکرێت.
عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، بەشێک لە گەڕەکی زێدەڕۆی ساڵانی پێشتر پرۆژەیان بۆ جێبەجێنەکرا لە 2019 بەهۆی رێنماییە وەزارییەکانەوە، لە ساڵی 2021ـیش هەندێ خزمەتگوزاری سەرەکی دەکرێ لەو شوێنانە.
لە پلانی بنەڕەتیی ئەمساڵی پرۆژەکاندا، ئیدارەی کەرکووک لە هەوڵدابوو بودجە بۆ پرۆژەی دوو گەڕەکی عەرەبنیشن و تورکماننشینی بێتاپۆ دابین بکرێ، دوای پێداگریی نوێنەرانی کورد لە ئیدارەی پارێزگا لەپاڵ ئەوانەوە گەڕەکە کوردییەکانیش خرانە نێو پلانەکەوە.