قۆناخێکی دیکەی دیوارە کۆنکرێتییەکەی نێوان باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان تەواوبوو
رووداو دیجیتاڵ
قۆناخێکی دیکەی دیوارە کۆنکرێتییەکەی نێوان باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە لایەن حکومەتی تورکیاوە دروست دەکرێت، تەواوبوو. ئەو دیوارە بە درێژایی 560 کیلۆمەتر لە سنووری پارێزگاکانی ئاگری، ئیدر، وان و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکرێت.
دیوارەکە له سنووری شارۆچکەی چاڵدێران لە پارێزگای وانهوه دهستپێدهكات و بۆ شارۆچکەی بایهزید له پارێزگای ئاگری و شارۆچکەی گهڤهر له پارێزگای جۆلەمێرگ درێژدەبێتەوە.
پارێزگای وان 295 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە و لە ساڵی 2021ـەوە دەستکراوە بە دروستکردنی دیوارەکە. تاوەکو ئێستا 173 کیلۆمەتری تەواو بووە و بە درێژایی 163 کیلۆمەتریشی تەلبەند کراوە.
تورکیا دەڵێت، ئامانج لە دروستکردنی دیوارەکە رێگریکردنە لە جموجووڵی گەریلاکانی پەکەکە لەنێوان باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان؛ هەروەها رێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران.
تورکیا هێزی ئەمنی و سیستمی چاودێری تووندی لەسەر ئەو سنوورە جێگیرکردووە. حکومەتی تورکیا لە رێگەی کامێرای چاودێری، گەڕانی بەردەوامی تیمەکان و لە ئاسمانیشەوە لە رێگەی درۆنەوە چاودێری هەر جمووجۆڵێک دەکات لەو سنوورە هەبێت.
تورکیا لە ساڵی 2014یش لەنێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستان دەستی بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی کرد.