ئاسایشی سلێمانی: لە سێ مانگدا 10 کەس بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگدا 10 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون کە یەکێکیان ژنە.
 
رۆژی شەممە، 17-06-2023 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی بە فەرمانی دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوە، لە مانگەکانی ئادار، نیسان و ئایاری 2023 توانیویانە 10 تۆمەتبار دەستگیربکەن."
 
بە گوتەی ئاسایشی سلێمانی، ئەو 10 کەسە پێکهاتوون لە سێ بازرگان و حەوت بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر، هەروەها زۆرترین ئەو مادانەی بەکاریان هێناوە لە جۆری حەشیش و کریستاڵن. 
 
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارەکان دانیشتووی ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانن و لە نەتەوەی کورد و عەرەبن و یەکێک لە تۆمەتبارەکان ژنە.
 
بە گوتەی ئاسایشی گشتیی سلێمانی، سەرجەم تۆمەتباران بەپێ مادەکانی 26 و 30 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.