15 بارۆی باکووری کوردستان: دەسەڵاتی دادوەری بووەتە لایەنێک لە شەڕی سیاسیدا
رووداو دیجیتاڵ
دوای بڕیاری دادگە لەبارەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانی، 15 بارۆ "سەندیکای پارێزەران"ـی باکووری کوردستان رایانگەیاند، "دەسەڵاتی دادوەری لە تورکیا بووەتە لایەنێک لە شەڕی سیاسیدا".
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 16ـی ئایار، سەبارەت بەو سزا قورسەی زیندانی کە لە دۆسیەی کۆبانیدا درا؛ بارۆکانی سەمسوور، ئاگری، ئێلیهـ، چەولیک، بەدلیس، دێرسم، ئامەد، جۆلەمێرگ، قەرس، مێردین، موش، سێرت، رووها، شرنەخ و وان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا کە بەناونیشانی "دەسەڵاتی دادوەری خۆی بووەتە لایەنێک لە شەڕی سیاسیدا" بڵاوکرایەوە پارێزەران بڕیارەکەی دادگە لە دژی سەرکردە و سیاسەتڤانانی کورد رەتدەکەنەوە و رایانگەیاندووە، "بە دۆسیەی کۆبانی و پڕۆسەی دادوەری و ئەو بڕیارەی دراوە، توێژە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆمەڵگە و بەرپرسە هەڵبژێردراوەکانیان لە رێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە سزادراون".
ئەو 15 بارۆیەی بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە، دەڵێن، "گۆڕەپانی سیاسیی کورد رووبەڕووی سیستمێکی سزادانی بەکۆمەڵ بووەتەوە و ئەمەش قبوڵکراو نییە. دامەزراندنی پرۆسەی دادوەری لەسەر بنەمای ماف و یاسا و دادپەروەرییە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی سەرجەم سیاسەتڤانە زیندانیکراوەکان دەکەین."
دوێنێ پێنجشەممە، 83ـەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردنی 108 تۆمەتبار لە دۆسیەی کۆبانی، لەلایەن دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا وەک چاوەڕوان دەکرا، دەستەی دادوەران بڕیاریان لەسەر تۆمەتباران دا.
دەستەی دادوەران، بڕیاری سزاکانیان لە دژی تەواوی تۆمەتبارەکان خوێندەوە کە لە 130 لاپەڕە پوخت کرابووەوە. قورسترین سزا بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتڤانی کورد و هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەدا سەپێنرا کە 42 ساڵ زیندانیکردنە. هەروەها ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانیی مێردین بە 10 ساڵ بەندکردن سزادرا.