چیرۆکی تاقانەیەکی ئەنفال کە ئێستا داکۆکیکاری مافی کەسوکاری ئەنفالکراوانە
رووداو دیجیتاڵ
ئەکرەم ساڵح ئەم ساڵ بووەتە سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکیکار لە کەسوکاری ئەنفالکراوان. ئەو تاقانەی ئەنفالە، باوکی و 49 ئەندامی دیکەی خێزانەکەی ئەنفالکراون.
لەگەڵ شەش منداڵی دیکەدا، دایکیان بڕیار دەدات خۆی ئەرکی باوک و دایکیان بۆ ببینێت و بەخێویان بکات و بیانگەیێنێتە ئەم رۆژە. ئێستا لە شارۆچکەی رزگاری لە قەزای کەلار دادەنیشن.
ئەو دەچێتە سەر گۆڕی بێناونیشانی رووفاتی ئەنفالکراوان کە گەڕێندراونەتەوە بۆ گەرمیان، دەڵێت: "تاکە سەبووریمانە، ئەو رۆژەی دەڵێن رووفاتێک هاتووەتەوە، بۆ ئێمە خۆشترینە."
ئەکرەم بۆ ئەوە بووەتە سەرۆکی کۆمەڵە تاوەکو داکۆکی لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بکات. کۆمەڵەکەیان مۆڵەتی فەرمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و بەردەوام چالاکییان هەیە، ماوەی چوار ساڵیشە ئامادەکاریی چوونی کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ نووگرەسەلمان لە ئەستۆ دەگرن.