سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: لە کاتێکی زۆر نزیکدا بابەتی هەڵبژاردن یەکلادەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "بەمنزیکانە دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و بەشی هەڵبژاردنی پارتی لەبارەی بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە؛ دڵنیایی دەدەین لە کاتێکی زۆر نزیکدا ئەو بابەتە بە سەرجەم وردەکارییەکانیەوە یەکلایی دەکرێتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە 17-05-2023 زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیار بوو ئەم هەفتەیە دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و بەشی هەڵبژاردنی پارتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن کۆببنەوە، بەڵام تائێستا کات دیارینەکراوە و چاوەڕوانی بەشی هەڵبژاردنی پارتین بۆئەوەی کاتێک دیاری بکەن و ئاگادارمان بکەنەوە. لەم یەک دوو رۆژەدا وەڵام بدەنەوە، دادەنیشین."
 
هەر ئەمڕۆ هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کاتی کۆبوونەوەی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و بەشی هەڵبژاردنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە زووترین کات کۆدەبنەوە؛ تەنیا کاتی کۆبوونەوە ماوە دیاری بکرێت.
 
لەبارەی گفتوگۆکان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، "دڵنیایی دەدەین بەمنزیکانە ئەو پرسە بە سەرجەم وردەکارییەکانییەوە یەکلا دەکرێتەوە."
 
یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، پرسی کورسیی پێکهاتەکانە کە یەکێتی داوا دەکات بە فرە بازنەیی بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن و بەشی زۆری پێکهاتەکانیش ئەوە رەتدەکەنەوە. پارتیش دەڵێت، پێویستە پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەبارەی شێوازی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان بدەن.
 
لەبارەی شێوازی بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی، "هێشتا رێککەوتن نەکراوە، چونکە لە دوایین کۆبوونەوەی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و بەشی هەڵبژاردن پارتییەوە باسی هەڵبژاردن لەنێوان هەردوولادا نەکراوە. لە کۆبوونەوەی داهاتوودا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین، بەڵام مەرج نییە ئەو کۆبوونەوەیەش یەکلاکەرەوە بێت؛ پێویستیمان بە کۆبوونەوەی دیکەش دەبێت."
 
لەبارەی شێوازی بەشداریی پێكهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی رایگەیاند، پێویستە لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی کورسی کۆتاکان، خۆیان بهێنرێنە نێو کۆبوونەوەکان بۆ ئەوەی بۆچوونیان وەربگیرێت؛ "پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پێکهاتەکان دەبێ خۆیان بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بدەن و هەر بڕیارێکیشیان دا، ئێمە پشتیوانیان دەبین."
 
رۆژی 26-03-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 18-11-2023ی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوای لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.
 
گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردن دەڵێت، "وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکارییمان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن لەو وادەیەدا کردووە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە؛ لەو کۆبوونەوانەش کە بەشی هەڵبژاردنی ئێمە و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی ئەنجامیانداوە، نزیکەی 90٪ی کێشەکانمان چارەسەر کردوون؛ تەنیا خالێک کە تاوەکو ئێستا رێککەوتنی لەسەر نەکراوە، کورسی کۆتاکانە."